د. سەباح هەورامی : داخستنی نه‌خۆشخانه‌ی به‌خشین په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نییه‌

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیێنێت هۆکاری داخستنی نەخۆشخانەی بەخشین سیاسی نییە و پەیوەستە بە کەموکوڕییەکانیان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەمیانی لێدوانێکیدا لە مەڕاسیمی ساڵیادی ۱۰ ساڵەی دامەزراندنی سەنتەری ژیانەوە لە سلێمانی، راگەیاند: “لەکاتی سەردانیکردنی نەخۆشخانەی بەخشین، لیژنەکانیان چەندین کەموکورتییان دەستنیشانکرووە، بەڵام ئیدارەی نەخۆشخانەکە بابەتەکەیان لە بابەتێكی ئیدارییەوە کردووە بە بابەتێكی راگەیاندن و سیاسی، لە راگەیاندنەکان واباسیدەکەن گرفتەکە پەیوەستە بە کەمی نرخ، لەکاتێکدا داخستنی نەخۆشخانەکە هۆکاری ئیداری و خراپی خزمەتگوزارییەکانی لەپشتەوەیە”.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی گووتی :”رۆژانە لیژنەکانیان سەردانی سەنتەر و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییە ئەهلی و حکومییەکان دەکەن، ئاشکرایدەکات لەمیانی سەردانیکردنی لیژنەکانیان چەندین گرفتیان دۆزیوەتەوە لە دەرمانخانەکانیان کە دەرمانی سڕکەری قاچاخن، هەروەها دەرمانی ساختەیان دزۆیوەتەوە کە رێگەپێنەدراون بۆ بەکارهێنان و نابێت بفرۆشرێن”.

د. سەباح هەورامی ده‌ڵێت :” یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانیان بۆ داخستنی نەخۆشخانەکە ئەوەیە کە بەشێك لە کارمەندانی نەخۆشخانەکە، کە خۆیان لە نەخۆشخانەی حکومی کاردەکەن و نەخۆش دەنێرن بۆ نەخۆشخانەی بەخشین، بەبیانووی ئەوەی پێویستییەکان لە نەخۆشخانەی حکومی نین، بەڵام بابەتەکان بەردەستن و تەنیا بازرگاندیکردن بە نەخۆشەکانە”.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی گوتیشی :” دۆسیەی نەخۆشخانەی بەخشین کە تێیدا دەرمانی قاچاخ و دەرمانی ساختە هەن، رەوانەی دادگا کراوە و دادگا بڕیاری یەکلاییکەرەوە لەبارەی نەخۆشخانەکە دەدات”.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ،دەشڵێت :”داخستنی نەخۆشخانەی بەخشین پەیوەندی بە هەرزانی نرخ نییە و ئەوان هیوادارن کەمترین نرخ لە سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەرە تایبەتەکان بۆ خزمەتی نەخۆش دابندرێت”.

Back to top button