سەرۆک بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا کۆبوونەوە
لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا ، سەرۆک بارزانی جەختیکردەوە کە کوردستان ڕژدە لەسەر دژایەتیکردنی تیرۆریستان، هەروەها بە گرنگییەوە باسی لە هەڵبژاردنی یەکەم ئافرەت بۆ پۆستەکانی سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان کرد.
ڕۆژی سێشەممە (١٩-٢-٢٠١٩) لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەلێكساندەر دیكرۆ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی بەلجیكا و كریستۆس سپێڵانز كۆمسیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ هاوكارییە مرۆییەكان كرد.
لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و دروستكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا هەبوو و ڕایشیگەیاند كە هاتنییان دووپاتكردنەوەی ئەو پەیامەیە كە یەكێتیی ئەوروپا و بەلجیكا پشتگیریی ئەو هەوڵانە دەكەن كە لە كوردستان و عێراق بۆ پێشكەوتن و بەدیهاتنی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئارادایە.
ئەوەیشی خستەڕوو كە لەم ڕووەوە هێشتا كاری زۆر ماوە كە پێویستە ئەنجام بدرێن، بۆیەشە بەلجیكا و یەكێتیی ئەوروپا وەك هاوبەشی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە و پابەند دەبن بەو هاوبەشیە. سوپاسی دامودەزگای هەرێمی كوردستانیشی كرد كە لە كاتی قەیران و تەحەددیاتەكاندا هاوكاری یەكێتیی ئەوروپا وجیهان بوونە بە تایبەت لە پرسی تیرۆر و هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران.
پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا، پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پارلەمانی كوردستان و ئەوەی بە هەنگاوێكی ئیجابی لە پێشڤەچوونی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم لە قەڵەمدا. شاندی میوان تەئكیدی لەوەیش كردەوە كە سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق و كوردستان بۆ یەكێتیی ئەوروپا بایەخێكی تایبەتی خۆی هەیە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی بەلجیكا و یەكێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیی دژی داعشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونە و وێڕای جەختكردنەوە لەوەی كە ئەو هاوكارییە ئەنجامی باشی هەبووە، ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە فەرهەنگی گەلی كوردستان ڕێگە بەوە نادات تیرۆریستان پێگەیان لە كوردستان هەبێت و سووربوونی كوردستانیشی لە دژایەتیكردنی تیرۆریستان بە شاندی میوان ڕاگەیاند.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمیش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی و مێژووییبوونی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی یەكەم ئافرەت بە سەرۆكی پارلەمان و هەروەها جێگرێكی ئافرەت بۆ سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان بە ئاماژەیەكی زۆر باش زانی لە گەشەسەندنی سیاسی و پێشڤەچوونی كولتووری سیاسیی لە هەرێمی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەكانی هزری تیرۆر و توندڕۆیی لەسەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان تاوتوێ كرا و هەردوو لا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر جگە لە شەڕی سەربازی پێویستە شەڕی ئایدیۆلۆژییای تیرۆریش بكرێت.
بارودۆخی سووریا و هەروەها پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ و گەڕانەوەی ئاوارەكان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و لەبارەی بارودۆخی سووریا سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی سەبارەت بە ئاییندەی كورد لە سووریا بە شاندی میوان ڕاگەیاند و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەكانی سووریا نەبێتە هۆی ئەوەی زیانی زیاتر بە خەڵكی سووریا و گەلی كورد لە سووریا بكەوێت.