بەریتانیا حزبولای لوبنانی خستە لیستی تیرۆر
دوای ئەوەی ئەمریكا و چەند وڵاتێكی ئەورووپا حزبولای لوبنان و حزبولای عێراقی خستە لیستی تیرۆر, ئەمڕۆ دووشەممە، بەریتانیا ناوی حیزبوڵڵای لوبنانی بە تەواوی دەستە سیاسی و سەربازییەكانیەوە خستە لیستی تیرۆرەوە، لەكاتێكدا كە پێشتر تەنیا باڵی سەربازی ئەو حیزبەی قەدەغە كردبوو.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ساجد جاوید، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، “گروپی حیزبوڵڵای لوبنانی بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ ئاڵۆزكردنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ئێمە ناتوانین جیكاری لە نێوان باڵی سەربازی و سیاسی ئەو حیزبەدا بكەین”.
جاوید ئاماژەی بەوەشدا، “لەبەر ئەوەی جیاكردنەوەی هەردوو باڵی ئەو حیزبە كارێكی ئەستەمە، بڕیارماندا ناوی هەردوو باڵەكە بخەینە لیستی تیرۆرەوە”، گوتیشی: “ئەو بڕیارە پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی گشتی بەریتانیا هەیە”.
وەك راشگەیەندراوە، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا داواكارییەك لەمبارەیەوە ئاراستەی پەرلەمانی وڵاتەكەی دەكات، بۆ ئەوەی باڵی سیاسی حیزبوڵڵاش بخاتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییە قەدەغەكراوەكانی شانشینی یەكگرتوو.
ئەو بڕیارەی بەریتانیاش بووە جێگای رەزامەندی ئیسرائیل و لە یەكەم هەڵوێستدا جەلعاد ئەردان، وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل داوای لە یەكێتی ئەوروپا كرد، هەمان هەڵوێستی لەندەن بەرامبەر حیزبوڵڵای لوبنانی وەربگرن.
جەلعاد ئەردان لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر سوپاسی وەزیری ناوخۆی بەریتانیای كرد و رایگەیاند، “پێویستە لەسەر هەموو ئەوانەی هەوڵ بۆ نەهێشتنی تیرۆر دەدەن، ئەو جیاكارییە ساختەیە رەت بكەنەوە، كە لە نێوان هەردوو باڵی سەربازی و سیاسی حیزبوڵڵای لوبنانیدا دەكرێت، ئێستا كاتی ئەوەیە یەكێتی ئەوروپا هەمان هەنگاوی بەریتانیا بەرامبەر بەو حیزبە بنێت”.
بەم بڕیارەی لەندەن، تەواوی چالاكییە ئاشكراكانی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەریتانیا قەدەغە دەكرێن و بەگوێرەی زانیارییەكانیش، دوای پەسەندكردنی ئەو بڕیارە لە پەرلەمانی بەریتانیا، هەر كەسێك هاوسۆزی بۆ ئەو حیزبە هەبێت یانیش هاوكاری و پشتیوانی بكات، سزای زیندانیكردن بۆ ماوەی نزیكەی 10 ساڵی بەسەردا دەسەپێنرێت.