بەبۆنەی جەژنی نەورۆز وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێك دەدات

 

لەگەڵ نزیك بوونەوەی جەژنی نەورۆز, وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێك دەردەكات و بەرپرسی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشكرای كرد كە وەزارەتی ناوخۆ بە بۆنەی جەژنی نەورۆز، بڕیارێكی بۆ گەشتیارانی ئێران دەركردووە.

عەبدوڵا ئاكرەیی، بەپرسی پەیوەندییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، بە بۆنەی جەژنی نەورۆز، لە ١٥ی مانگەوە تاوەكوو ٢٥ی ئاداری ٢٠١٩، ئەو هاووڵاتییانەی لە ئێرانەوە دێنە هەرێمی كوردستان، ”باج و ڕسووماتیان لێ وەرناگیرێت“.

ئەوەشی روون كردەوە كە ساڵی ڕابردووش هەمان كاریان كردووە و ئامانجیشیان ئەوەیە، خەڵكی نێو جوگرافیای دەوڵەتی ئێران، سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.

دووپاتیشی كردەوە كە دوێنێ سێشەممە ١٢ی ئاداری ٢٠١٩، كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو بڕیارەی دەركردووە.

Back to top button