ئاسایشی یەكێتی لە سنوری سلێمانی هەلیكوتایە سەر بارەگایەكی نزیك لە پەكەكە
دوای ئەوەی لە سێ مانگی رابردوو ئاسایشی یەكێتی لە سنوری سلێمانی هەلیكوتایە سەر بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی سەر بەپەكەكە و بارەگاكانیانی داخست, ئەمڕۆ جارێكی دیكە سەركردەكانی گرووپێكی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ڕایان گەیاند، ئاسایشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی هەڵیكوتاوەتە سەر بارەگای گرووپەكەیان.
محەمەد كەریم، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی كوردستان كە گرووپێكی سەر بە پەكەكەیە لە سلێمانی، ڕایگەیاند، ئاسایشی سلێمانی گەمارۆی بارەگای تەڤگەری ئازادی و ڕێكخراوی ژنانی ئازادیی كوردستانی داوە و دەرگای بارەگاكانیان بە قفڵی تایبەتی خۆیان داخستووە”.
جەختیشی كردەوە كە ئاسایشی سلێمانی ماوەیەكی زۆرە كاروچالاكییەكانی تەڤگەری ئازادی و پەكەكەی قەدەغە كردووە، بەڵام ”ئەو كارە ئێمەی سارد نەكردووەتەوە“.
ئەوەشی ڕوون كردەوە كە ئاسایشی یەكێتی لە سلێمانی ”بەردەوام چاودێریی بارەگاكانمان دەكادەكەن و بارەگاكانمان دادەخەن“.
هەر لەمبارەیەوە كەمێك لەمەوبەر، تارا حوسێن، سەركردەی دیاری تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، هەر ئێستا ئاسایش هەڵیكوتاوەتە سەر بارەگای تەڤگەر و چواردەوری داون.
پەلاماردانی بارەگای گرووپەكانی سەر بە پەكەكە بەرئەنجامی ڕێككەوتنێكی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و توركیایە كە یەكێتی لە پێناو كردنەوەی نوێنەرایەتییەكەی لە ئەنقەرە و ڕازیكردنی توركیا بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی، ڕێوشوێنی توند لە دژی پەكەكە و گرووپەكانی سەر بە پەكەكە دەگرێتە بەر.