جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هۆكاری نەدانی پارەی گەنمی جوتیارانی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراق ئاشكرا دەكات
دوای تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر قەرزی سێ ساڵی جوتیارانی كوردستان, لەگەڵ ئەوەی دادگا بڕیاری خەرجكردنی پارەكەی بۆ وەزارەتی بازرگانی دەركردووە, بەڵام تا ئێستا پارەكەی جوتیارانی نەداوە, جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق پارەی جووتیارانی بۆخۆی خەرجكردووە.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “لە ساڵانی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستانی دابین كردبوو، بەڵام وەزارەتی بازرگانی ئەو كاتی عێراق پارەكەی بۆ خەرجییەكانی خۆی بەكارھێناوە”.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان دڵنیاییشی دایە جووتیاران كە ھەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانی جووتیاران و هەڵەكانی رابردوویان راستكردووەتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە، رۆژی 05/03/2019، رێبین شەمامكی، پارێزەری خۆبەخشی جوتیاران پێشتر راگەیاندبوو: “دادگای رەسافەی بەغدا بڕیاریداوە، پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵەكانی 2014، 2015 و 2016 خەرج بكرێت”.