كاندیدی هەدەپە لە ئامەد سەركەوتنی بەدەست هێنا

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەڵبژاردنیشارەوانیەكانی توركیا بەڕێوەچوو بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەكان هەدەپە لە پێنج پارێزگای باكوری كوردستان بە رێژەیەكی زۆر لە پێش پارتەكانی دیكەیە, بە گوێرەی ئەو سندوقانەی تاوەكو ئێستە كراونەتەوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئامەدی باكووری كوردستان، كاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆكی شارەوانی ئامەد بە پێش كاندیدی ئاكپارتی كەوتووە.

ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە لە كۆی 3 هەزار و 643 سندوقی دەنگدان، تاوەكو ئێستە 284 سندوق كراونەتەوە، عەدنان سەلجووق مزراقلی كاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆكی شارەوانی ئامەد بە پێش جومالی ئاتیلای كاندیدی ئاكپارتی كەوتووەتەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراونەتەوە، كاندیدی هەدەپە 55.25%ی دەنگەكانی هێناوە و كاندیدی ئاكپارتییش 39.20%ی هێناوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە لە توركیا پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بەڕێوەچوو.

لە هەڵبژاردنەكەدا، 12 پارتی سیاسی بەشدار بوون لە كێبەركێكەدا و لە سەرتاپای توركیادا، 57 ملیۆن و 58 هەزار و 636 دەنگدەر ناویان تۆمار كرابوو و لەسەر 194 هەزار و 390 سندوق دەنگیان دا.

Back to top button