سێ وڵات كڕینی نەوتیان لە ئێران راگرت رایانگەیاند پابەندی سزاكانی ئەمریكا دەبن بۆ سەر ئەو وڵاتە
دوای ئەوەی ئەمریكا سزاكانی بۆ سەر ئێران گەڕاندەوە هۆشداری دایە هەشت وڵاتی جیهان كە نەوت لە ئێران دەكڕن, ئەمڕۆ سێ لەو هەشت وڵاتەی پێشتر ئەمەریكا بۆ ماوەیەكی كاتی لە سزاكانی سەر ئێران بەخشیبوونی، هاوردەكردنیان لە ئێرانەوە بە تەواوی راگرت.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، بریان هووك، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران بە رۆژنامەنووسانی گوتووە: “مانگی 11، لە پێناو بەرزنەبوونەوەی نرخی نەوت، هەشت وڵاتمان لە سزاكان بە شێوەیەكی كاتی بەخشی، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم، سێ لەو وڵاتانە ئاستی هاوردەكردنیان لە ئێران بۆ سفر دابەزاندووە”.
راشیگەیاند: “نیازمان نییە لێخۆشبوونمان بۆ هیچ وڵاتێكی دیكە هەبێت و پەلەش دەكەین لە راگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران”.
ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە مانگی پێنجی ساڵی 2018ەوە، هەناردەی نەوتی ئێران یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل كەمیكردووە.
چین، هیند، یۆنان، ئیتاڵیا، تایوان، ژاپۆن، توركیا و باشووری كۆریا لەو وڵاتانە بوون كە ئەمەریكا بەشێوەیەكی كاتی بەخشیبوونی لە سزاكانی سەر ئێران، بەڵام سێ لەم وڵاتانە بەبێ ئەوەی ناوەكانیان ئاشكرا بكرێت، بە تەواوی هاوردەی نەوتی ئێرانیان راگرتووە.