مەسروور بارزانی بۆ هاوپەیمانان: پێویستە پەلەبكرێت لە ئاسایكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی باڵای سەربازی بەر سەرۆكایەتی (جەنەڕاڵ پاتریك رۆبەرسۆن) فەرماندەی گشتی تیمی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنە تایبەتیەكان لە عێراق و سووریا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد لە لایەن مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیان لێكراو لە دیدارەكەدا پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و هەماهەنگی لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەكانی تیرۆریستان تاوتوێكرا.

مەسرور بارزانی لە ئاماژەیەكدا بۆ پەرەسەندنی ھەرەشەی تیرۆریستان لە ھەندێ ناوچەی عێراق، پێویستی بەردەوامیی ھەماھەنگی ھەمەلایەنەی دووپات كردەوە و خوازیاری پەلەكردن بوو لە ئاسایی كردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكان و گێڕانەوەی سەقامگیری و بەرتەسككردنەوەی جمووجۆڵی تیرۆریستان لەو ناوچانە.

لەلای خۆیەوە، فەرماندەی گشتی تیمی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنە تایبەتیەكان لە عێراق و سووریا وێڕای ئاماژەدان بە كاریگەری رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، رۆڵ و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی ئەمریكا و عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ سەقامگیركردنەوەی ناوچەكە بە پێویست و كاریگەر زانی.

Back to top button