رێباز بێركۆتی: ئەوانەی رەفتار و قسەیان وەك یەك نەبوون رووی راستیان دەركەوت
دوای ئەو ناكۆكیانەیلە نێو جولانەوەی نەوەی نوێ دروست بوو بە تایبەت دوای ئەوەی سەرۆكی جولانەوەكە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی نەشیاوی پەرلەمانتارانی لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ كرد, سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لەبارەی ڕووداوەكانی ئەم ڕۆژانەی هەرێمی كوردستاندا رای گەیاند، ”ڕووی ئەوانە ئاشكرا بوو كە خۆڵیان دەكردە چاوی خەڵك“.
رێباز بێركۆتی، لە وتارێكدا بە ناوی (ئیعتیبار بۆ كەس و مسداقیەت لە سیاسەتدا) ئاماژەی بەوە داوە، لە داب و نەریتی كوردەواریدا، هەر كەسێك بەپێی مێژووی كەسی و بنەماڵەكەی، پێگەیەكی هەیە وەك تاك، ئینجا خێزان و دواتر كۆمەڵگە، ئەوەش دەوەستێتە سەر شێوازی پەروەردەی خێزانی، بەتایبەتیش باوك و دایك كە چۆن منداڵەكانیان لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و خۆشەویستی و ڕێزگرتن پەروەردە دەكەن، هەروەها چۆن لەبارەی شێوازی هەڵسوكەوتكردنەوە ئەو شتانەیان فێر دەكەن.
هەروەها رێباز بێركۆتی گوتیشی ”لە سیاسەتدا موسداقیەت زۆر گرنگە، لە پێكهاتەی نوخبەی سیاسی و سەركردایەتیدا، پێویستە سەركردە خاوەنی كەسایەتییەكی موعتەبەر بێت و جێگەی متمانەی ماڵ و خێزان و كۆمەڵگە بێت، ئینجا دەتوانێت پەیام و گوتاری سیاسی هەبێت، ستراتیژ و میتۆدی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری تێدا بەدی بكرێت، خاوەنی گوفتار و ئاگاداری ڕەفتارەكانی بێت، پابەند بێت بەهێڵە گشتییەكانی (كۆمەڵایەتی، ئایینی، ڕەوشتی و سیاسی)یەوە، ڕێز لە واژۆ و پەیماننامەكانی خۆی بگرێت، پێگەی كەسێتیی خۆی و مسداقیەتی حزبەكەی بپارێزێت“.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر نەیشاردووەتەوە كە ”ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا دەیبینین، هێواش هێواش ڕووی ڕاستەقینەی هەموو ئەو كەس و حزبانە بۆ خەڵك ڕوون دەبێتەوە كە بە لۆژیكی خۆڵكردنە چاوی خەڵك و موبالەغەكردن، هەروەها لە ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆنەكاندا بە جۆرێك قسەكردن و لە واقیعیشدا جۆرێكیتر، ڕەفتار دەكەن، بەواتای دوو ڕوویی، ئەوەش مەوداكەی كورتە“.
لە كۆتاییدا ڕێباز بێركۆتی نووسیویەتی: “كوردستان ئاوەدان و خوای گەورە هیدایەتی ئەم كەسانە بدات كە گومڕا بوون تاوەكوو بگەڕینەوە سەر ڕێگەی ڕاست”.
ئەم وتارەی بەرپرسەكەی یەكێتی پاش ئەوە دێت كە شادیە نەوزاد، ژنە پەرلەمانتاری جووڵانەوەی نەوەی نوێ، ئاشكرای كرد كە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەكەیان، لەگەڵ “باندەكەی”دا، كامێرای نهێنییان لەنێو كابینەكانی چاڤیلاند داناوە و بە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی ڕووت، هەڕەشەیان لێی كردووە.