ترەمپ: پیرۆزبایی هاتنەوەی مانگی رەمەزان لە موسڵمانانی ئەمریكا و جیهاندەكات

 

لە پەیامێكیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پیرۆزبای هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان لە موسڵمانانی جیهان و ئەمریكا دەكات. دەڵێت:” موسوڵمانان لە ڕێگەی بەڕۆژووبوونەوە، وزەی خۆیان نوێ دەكەنەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی لە گەشتە ڕۆحییەكەیان گرتوویانەتە بەر.

هاوكات ئامۆژگاریی ئەوەشی داوە كە لە ڕەمەزاندا ”دەرفەتێك بۆ ھەموومان ڕەخساوە تا پەی بەو نیعمەتانە ببەین كە پێمان بەخشراون و بەیەكەوە كار بكەین بۆ ھاوڕێیەتییەكی مەزنتر. بەیەكەوە، لە ژێر ڕۆحیەتی مانگی ڕەمەزاندا، دەتوانین فرەیی و ڕێزی زیاتر بۆ كۆمەڵگەكەمان وەدی بێنین“.

باسی لەوەش كردووە كە مێلانیای هاوسەری لەگەڵیدایە بۆ ئەوەی باشترین ئاواتەكان بۆ موسوڵمانانی ئەمریكا و جیهان بخوازن.

ئەمەش دەقی پەیامەكەیەتی:

پەیامی سەرۆكایەتی بە بۆنەی مانگی ڕەمەزان

گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم موسڵمانان دەكەم بە بۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان.

ڕەمەزان یادی دابەزینی قورئانی پیرۆزە بۆ محەمەد، لەگەڵ بینینی مانگ، خێزان و كۆمەڵگە موسڵمانەكان دەست بە مانگێك دەكەن بۆ گەڕانەوە بۆ خود و بووژانەوەی ڕۆحییەتی ئینسان و عیبادەتكردن.

بە درێژایی مانگی ڕەمەزان، موسڵمانەكان لە كاتی ڕۆژھەڵاتن بۆ ڕۆژئاوابوون بەڕۆژوو دەبن، قورئان دەخوێنن، كرداری خێر ئەنجام دەدەن و سەدەقە دەبەخشنەوە. لەم ڕێگەیەوەش، وزەی خۆیان نوێدەكەنەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی لە گەشتە ڕۆحییەكەیان گرتوویانەتەبەر. ھەروەھا سوپاسی خوا دەكەن بۆ بەخشندەیی و مێھرەبانییەكەی.

لەم مانگەشدا، دەرفەتێك بۆ ھەموومان ڕەخساوە تا پەی بەو نیعمەتانە ببەین كە پێمان بەخشراون و بەیەكەوە كار بكەین بۆ ھاوڕێیەتییەكی مەزنتر. بەیەكەوە، لە ژێر ڕۆحیەتی مانگی ڕەمەزاندا، دەتوانین فرەیی و ڕێزی زیاتر بۆ كۆمەڵگەكەمان وەدی بێنین.

مێلانیاش لەگەڵمە بۆ ئەوەی باشترین ئاواتەكان بۆ موسڵمانانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و سەرانسەری جیھان بنێرین و ھیوا بخوازین كە ڕەمەزانێك پڕ بەرەكەتییان ھەبێت.

Back to top button