فەڕەنسا ئۆفیسێكی هەماهەنگی لە هەولێر دەكاتەوە
شاندێكی باڵای فەڕەنسا سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری كرد و بڕیاردرا ئۆفیسێكی هەماهەنگی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا لە هەولێر بكرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، شاندێكی باڵای بەشی هاوكاریی نێودەوڵەتیی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا سەردانی وەزارەتی دارایی ئابووری كرد، لەگەڵ رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری كۆبوونەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سیلڤی ستوغیل، بەرپرسی بەشی هەماهەنگی نێودەوڵەتی دارایی گشتی لە وەزارەتی دارایی فەڕەنسا باسی لە ئامانجی سەردانەكەی كرد، كە مەبەستیانە لە ئامادەكردنی بودجە، وردبینی و چاودێریكردنی خەرجییەكان و رێكخستنەوەی باج، هاوكاری هەرێمی كوردستان بكهن.
پاشان رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم باسی لە گرنگی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان كرد، كە پێشتر لە قۆناغە جیاوازەكان هاوكاری كوردستانی كردووە و بەگرنگی زانی كە ئەو هەماهەنگیە بەردەوامی هەبێت.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشكرد، وەك وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هاوكاری پسپۆڕانی ناوخۆیی و دەرەوە، كار كراوە لەسەر دەروازەكان، گومرگ و باج و بەسیستەم كردنیان و بە ئەلكترۆنی كردنیان و ههروهها كارئاسانی تەوامانكردوە بۆ زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كەرتی وەبەرهێنان و گەشتیاری، بۆ ئەوەی تەنها پشت بە نەوت نەبەسترێت وەك سەرچاوەی داهات.
هەروەها 15 بانكیش بە ئەلیكترۆنی كراون و كاركردن تیایاندا بەردەوامە، هەوڵی جدیش دراوە بۆ ئەوەی مامەڵەكردن بە كاش بگۆڕدرێت، چونكە مامەڵەكردن بە كاش پرۆسەی ئاڵوگۆڕ و كاری رۆژانەی حكومەت و هاووڵاتیان دوادەخات.
رێباز حەملان، ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكارییەكی بۆ شاندی میوان دەربڕی، شاندی میوانیش رایانگەیاند: بە زووترین كات ئۆفیسێكی هەماهەنگی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا لە هەولێر دەكرێتەوەو دەست دەكرێت بە هاوكارییەكان بۆ ئامادەكاری پڕۆژە یاسای بودجەو وردبینی و چاودێریكردنی خەرجییەكان و رێكخستنەوەی باج.