فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق: دۆخی خانەقین مەترسیدارە

فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق پێیانوایە هەندێک لایەن و دەستی نادیار کار بۆ تێکدانی رەوشی خانەقین دەکەن و هۆشداریی دەدەن لەوەی کە بەردەوامبوونی دۆخەکە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵکەکەی لێدەکەوێتەوە.

فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە لەبارەی سووتاندنی کێڵگە کشتوکاڵییەکانی خانەقین دەڵین، خانەقین رووبەڕووی دۆخێكی مەترسیدار بووەتەوە، هەندێک لایەن و دەستی نادیار کار بۆ تێکدانی رەوشی خانەقین دەکەن. ئەو دەست و لایەنانە بە ئەنقەست کێڵگەی جووتیارانی خانەقین دەسووتێنن و زیانیان پێدەگەینن.

فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بەپێویستی دەزانن سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان “کار بۆ هەڵگرتنی ئەو ستەمە بکەن لەسەر خەڵکی خانەقین هەیە”. ئەوان هەروەها جەختلەوە دەکەنەوە کە بەردەوامبوونی دۆخی خانەقین رەنگە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵکەکەی.

Back to top button