ئەمڕۆ پەرلەمان ناوی کاندیدەکان بۆ سەرۆکی هەرێمی كوردستان ئاشکرا دەکات
بڕیارە ئەمڕۆ یەك شەممە 2019.5.19 دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ناوی ئەو کاندیدانە ئاشکرا بکات کە خۆیان بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەربژێر کردووە.
پاش ئاشکرابوونی ناوەکان، ئەو کەسانەی کە ناویان لە لیستەکەدا نەبێت، دوو ڕۆژیان لەبەردەمە کە تانە لە بڕیارەکە بدەن و پاشان لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەبێ پەرلەمان کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بەڕێوە ببات.
بەپێی زانیارییەکان پێنج کەس بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆیان کاندید کردووە و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە فەرمی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە، بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆیدا سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام کاتی دەستبەکاربوونی دەکەوێتە دوای جێژنی ڕەمەزان و مانگی داهاتووش کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک دەهێندرێت.