سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی: داوامان كردووە بەپەلە كێشەی كەركووك و خانەقین چارە بكرێت
رۆژانی رابردوو لە ناوچەكانی مەخموور و سەرگەڕان و كەركووك و خانەقین، جگە لە پڕۆسەی داگیركاری و دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاری كورد، سەدان دۆنم بەرھەمی جووتیارانی كورد سووتێندران، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیش دەڵێ، داوایان كردووە لیژنەی ماددەی ١٤٠ كارا بكرێتەوە و بە زووترین كات كێشەی ئەو سنوورانە چارە بكرێت.
دكتۆر ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه: داوامان كردووە ئەو داگیركاری و زۆڵمەی سەر كوردانی سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆتایی بێت، چونكە چەند رۆژێكە پڕۆسەى داگیركاری و سووتاندنی بەرھەمی جووتیارانی كورد لە كەركووك و خانەقین و مەخموور دەستی پێكردووە و زیانی گەورەی بە خەڵكی ئەو ناوچانە گەیاندووە، بە تایبەتی داوای ھەڵوێستمان لە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كردووە بۆ چارەسەرێك.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دەڵێت: ئێمە داوا دەكەین ئەو كێشانە بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ چارەسەر بكرێن و ھێزی ئەمنیی ھاوبەش لەو سنوورانە جێگیر بكرێن، تا پێش بە رووداوەكان بگرن و بە گوێرەی دەستوور كێشەكان چارەسەر بكرێن، فڕاكسیۆنی پارتی بە ھەماھەنگیی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان داوای لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق لەنێو پەرلەماندا ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، بەڵام ھیچ لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە دروست نەكرێت، بەڵكوو ھەردوو حكوومەت چارەسەری بەپەلەی رووداوەكانی ئەو ناوچانە بكەن.
سەبری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: باشترین چارەسەر بۆ كۆتاییھێنان بە كێشەكانی نێوان جووتیارانی ئەو سنوورانە، ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچەكەیە لە ڕووی سەربازی و ئیدارییەوە.