فراکسیۆنە کوردستانییەکان چەند بەڵێنێکیان لە عادل عەبدولمەهدی وەرگرت

 

ئەمڕۆ دووشەممە 20/05/2019، سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

د. بەشیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: “باسمان لە کێشەکانی سەرگەڕان و پەلکانە و گوندەکانی دەوروبەری کەرکووک و کێشەی هاوردەکردنی عەرەبەکان بۆ وەدەرنانی کوردەکان کە زەوی خۆیانە کردووە و بەڵێنی چارەسەرکردنیان دراوە”.

راشیگەیاند: “پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک هەندێک لێپیچینەوەی ئیداریی دەکات کە پێچەوانەی یاساکانن و داوامان کردووە سنووری بۆ دابنرێت”.

لەبارەی کێشەی گەنمی جووتیاران، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گووتی: “بە سەرۆک وەزیرانمان گووت کە چیدی ناکرێت ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت و دەبێت پارەی شایستە داراییەکانی جووتیاران خەرج بکرێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بەڵێنی خەرج کردنی پارەکەی بەمنزیکانە داوە”.

ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکە بە عادل عەبدولمهەدیان گوتووە، گەڕانەوەی پێشمەرگە و هەماهەنگی هەرێم و بەغدا، تاکە رێگای چارەسەکردنی کێشەکانی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان.

بەشێکی دیکە کۆبوونەوەکە لەسەر ئەو ئاوارانە بوون کە لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر ماڵەکانیان جێهێشتووە و داواکراوە کە 150 هەزار خێزانی کورد کە لە ئێستادا ماڵەکانیان جێهێشتووە بۆ ناوچەکانیان بگەڕێندرێنەوە.

لای خۆیەوە، بەهار مەحموود، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “داوامان کردووە، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت و ئەوانیش ئەمەیان پەسەند کردووە و بەڵێنیان داوە ناردنی مووچە بەردەوام بێت”.

Back to top button