” لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئاگرەکەی کۆمسیۆن لە ھەولێرە”
دەربارەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگاکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە خەریکی دەرخستنی ئەنجامەکانە و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیش دەڵێ، لە کاتی لادانی بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێر، کەسێکی پارتی لە شوێنەکەی دەستبەکار دەبێت.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، عەلی قادر، سەرۆکی فەرمانگەی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە پۆستەکەی لادەدرێت و کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دەستبەکار دەبێت.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەربارە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگاکانی کۆمسیۆن خەریکی دەرخستنی ڕاستییەکانە، بەر لە ١٠ ڕۆژ ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە ڕووی داوە و بەداخەوە بەوھۆیەوە زیانی ١٢ ملیۆن دۆلاری ھەبووە و کەلوپەل سووتاوە، ئێستا لیژنەیەک لە بەغداوە گەیشتووەتە شاری ھەولێر و خەریکی لێکۆڵینەوەن.”
پەیوەست بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “لەسەر ڕاپۆرتی ھەولێر ماوە تا بزانن ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چۆن بووە، بە ئەنقەست بووە، یانیش بەھۆی پشتگوێخستن و ھەر ھۆکارێکی دیکەوە بووە، بێگومان لەسەر ڕووداوەکە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کۆمسیۆن دەکرێت، بەڵام شێوازی لێپرسینەوە و سزادان دەمێنێتەوە سەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە.”
لەبارەی لادانی عەلی قادر، سەرۆکی فەرمانگەی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، خەسرۆ گۆران دەڵێت: “ھەرکەسێک لە کۆمسیۆن پارتی بێت و بە ھەر ھۆکارێک لە پۆستەکەی لابدرێت کەسێکی پارتی لە شوێنەکەی دەستبەکار دەبێت، لە ئەگەری لادانی عەلی قادریش کەسێکی پارتی دەخرێنە شوێنەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی فەرمانگەی ھەولێری کۆمسیۆن، ئەگەر عەلی قادر بە پێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە کەمتەرخەم بووبێت، ئەوە با لێپرسینەوەی لەگەلدا بکرێت، بەڵام ڕێگە نادەین بە بڕیاری دیکە کەس لابدرێت.”