عەمار حەکیم داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر بەغدا دەکات، دەلێت کێشەکان مەترسین لەسەر یەک پارچەیی خاکی عێراق

ئەگەرچی بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداکاڵ بوونەتەوە، بەڵام سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێت، بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، دەبێ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.
عەممار حەکیم، سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە گوتاری نوێژی جەژندا دووپاتی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە.
حەکیم رای گەیاندووە، دەبێ لە داهاتوودا حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانیان رێک بخەنەوە و کێشە و دۆسییەکانیان چارەسەر بکەن.
هۆشداریشی داوە لە تەقینەوەی دۆخەکە ئەگەر بێت و کێشەکانی هەردوولا چارەسەر نەکرێن، بە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق ناوی برد.
دوای رووخانی رژێمی سەددام حوسێن، هەولێر و بەغدا کێشەی زۆریان لەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و مادەی 140و کێشەی نەوت و غاز و جێبەجێکردنی دەستوور هەبووە و ئێستاش ئەو کێشانە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.