پۆمپیۆ بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكی دژ بە ئێران بەرەو سعودیەو ئیمارات بەڕێكەوت

 

دوای ئەوەی گرژیەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا زیادی كرد, بە تایبەت دوای خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ‌ فڕۆكەوانی ئەمریكا لە لایەن ئێران, ئەمشەوی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەرەو هەردوو وڵاتی سعوودیە و ئیمارات بەڕێكەوت، راشیگەیاند هاوپەیمانییەكی جیهانی لەبارەی ئێران پێكدێنن.

كەمێك بەر لە دەستپێكردنی گەشتەكەیدا، پۆمپیۆ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ سەردانی سعوودیە و ئیمارات دەكات.

لەبارەی دواین پێشهاتەكانی گرژییەكانی واشنتۆن و تارانیشەوە گوتی “دووپاتی دەكەینەوە ئامادەی دانوستاندنی بێ مەرجین لەگەڵ ئێران، بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەكە هێور بكەینەوە”.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی گوت كە لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان لە سعوودیە و ئیمارات، باس لە چۆنیەتی مانەوە لەسەر یەك هێڵ و هەڵوێست دەكەن، لەگەڵ باسكردنی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی جیهانی لەبارەی ئێران.

چەند هەفتەیەكە گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران گەیشتوونەتە ئەوپەڕی توندی، تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەوەی ئێران فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكا لە سنوورەكانی بخاتە خوارەوە.

Back to top button