لەبەرزترین ئاست یاداشنامەیەكی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی كوردستان و ئەمریكا واژۆ كرا

دوای ئەوەی بە هاوكاری نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان, شاندێكی ژووری بازرگانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دروستكردنی هەماهەنگی لەگەڵ ژووری ویڵایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەردانی ئەمریكایان كرد, دوای دروستكردنی پەیوەندیەك ئێوارەی ئەمڕۆ لە باڵەخانەی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی یاداشنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و ژووری بازرگانی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا واژۆكرا.

لە مەراسیمی واژۆكردنی لێكتێگەیشتنەكە ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی ئەمەریكا ئاشكرای دەكات، وڵاتەكەی دەیەوێت لە سەرجەم بوارەكاندا كۆمپانیاكانی هانبدات، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن.
خۆشحاڵی خۆشی بۆ ئەوە نیشاندا، كە ئەمڕۆ ئەم یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان واژۆ كردووە و گوتی: “ئێمە ئەو كارە بەهەنگاوێك دەبینین بۆ ئاشناكردنی كۆمپانیا و بزنسی ئەمریكی بە هەرێمی كوردستان و هەلی وەبەرهێنان لەم هەرێمە”.
ئاماژەی بەوەشدا، “دەزانین كە كۆمپانیاكانمان لەبواری نەوت و گازدا ئاشنای ئەم ناوچەیەن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت لە بوارەكانی دیكەشدا رۆڵمان هەبێت وەكو كشتوكاڵ، چاودێری تەندروستی، گواستنەوە و گەیاندن و پیشەسازیی”.

لەكاتێكیشدا چەندین كۆمپانیایی ئەمەریكی زەبەلاح لەبواری بەرھەمھێنانی نەوت لە ھەرێمی كوردستان كاردەكەن، یەكیتی ژوورە بازرگانییەكان دەیانەوێت كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لەگشت سێكتەرەكاندا وەبەرهێنان ئەنجامبدەن ئەوانیش ئاسانكاری و پالپشتی تەواویان بۆ دەكەن، بۆ ئەوەی سوود لە ئەزمونی ئەو وڵاتە وەربگرن.
دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: “ئەمرۆ رێككەوتنێكمان لەگەڵ گەورەترین رێكخراوی كاری جیهانی ئیمزا كردووە، كە ئەمەش هەنگاوێكی نوییە لە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان”.

ژووری بازرگانی‌ ئەمەریكا گەورەترین ڕێكخراوی بزنسە لە سەر ئاستی جیهان، نوێنەرایەتی 3 ملیۆن كۆمپانیای قەبارە جیاواز دەكات لە سەرانسەری جیهان، واژۆكردنی یاداشتنامەی بازرگانی لەگەڵ یەكیتی ژورە بازرگانیەكانی هەرێم ئەوە دەردەخات، كە ئەمەریكا بەگرنگییە دەڕوانیتە پیگەی ئابووری كوردستان, ‌دەیەوێت لەم ڕێگایە بەربەستی كاركردنی وەبەرهێنان لە یەك سێكتەردا بشكێت و بتوانێت لەزۆربەی سێكتەرەكاندا وەبەهێنان لەهەرێمی كوردستان ئەنجام بدات.

Back to top button