بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك: پڵانێكی داعش لە كەركووك ئاشكرا دەكات, هۆشداری دەدات لە ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی

دوای ئەوەی چەند هەفتەیەك بەر لە ئێستا زنجیرەیەك تەقینەوەی یەك لەدوای یەك كەركووكیان هەژاند, بەرێوەبەری ئاساشی كەركووك هۆشداری دەدات لەهێڕی تیرۆریستی و رایدەگەیەنێت كە داعش لە گەڕەكەكانی ناوەڕاست و خوارووی شارەكە خۆیان بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆرستی ئامادە كردووە.
عەمید ئیدریس رەفعەت بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركوك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند ووە “رەوشی ئەمنیی شاری كەركوك ئاڵۆزە و بەشێكی ھۆكارەكەی بۆ بێدەسەڵاتیی دەزگا ئەمنییەكانی ئەو شارە دەگەڕێتەوە”.
ئاماژەشی‌ بەوەدا كە “رۆژانی رابردوو ژمارەیەك كردەی تیرۆریستی لە نێو شاری كەركوك روویان دا و چەند تەقینەوەیەك ئەنجام دران و ھێرشیش كرایە سەر ھێزەكانی عیراقی لە بەردەم نەخۆشخانەی ئازادی، كە ژمارەیەك شەھید و برینداری لێ كەوتەوە”.
عەمید ئیدریس رەفعەت گوتی: “داعش بە شێوەیەكی باش توانیویانە خۆیان رێك بخەنەوە، بە تایبەتی لە سنووری قەزا و ناحیەكانی كەركوك بە شێوەی پارتیزانی بەنێو ناوچەكەدا دەگەڕێن و دەستی خۆیان دەوەشێنن”.
گوتیشی‌: “لەنێو سەنتەری شاری كەركوك داعش شانەی نوستووی زۆری ھەیە، بەپێی زانیاریی ئێمە لە گەڕەكەكانی ناوەڕاست و خوارووی شارەكە تیرۆریستانی داعش خۆیان بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆرستی ئامادە كردووە”.
بەڕێوەبەری‌ ئاسایشی‌ كەركوك ئەوەشی‌ خستەڕوو كە “ئەو ھێزانەی لە كەركوكن و مەلەفی ئەمنیی شارەكەیان بەدەستەوەیە، خەڵكی ئەو ناوچەیە نین، لەبەر ئەوەش ھیچ پلانێكی ئەوتۆیان بۆ پاراستنی كەركوك و رەوشی ئەمنیی شارەكە نییە”.
عەمید ئیدریس رەفعەت راشیگەیاند كە “خەڵكێك لە ئەندامانی ھێزە ئەمنییەكان لە دەرەوە ھاوردە كراون و باوەڕیان بە كۆنتڕۆڵكردنی رەوشی ئەمنیی كەركوك نییە، ھەر ئەوەش ھۆكارە ھاووڵاتیانی دانیشتووی كەركوك ھاوكار نەبن لەگەڵ ھێزە ئەمنییەكانی ئەو شارە و ھیچ ھەمانگییەك لە نێوان دەزگا ئەمنییەكان و ھاووڵاتیاندا نییە”.


Back to top button