دادگای رەسافە بڕیاری ئەستۆپاکیی ڕێبوار تاڵەبانی دەرکرد

دادگای ئیتیحادیی عێراق ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووک و چەند کەسێکی ئەو شارە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کرابوو.

کەمێک لەمەوبەر (یەکشەممە ٣٠ی ٦ی ٢٠١٩)، بەختیار تاڵەبانی، چاودێری سیاسی و برای رێبوار تاڵەبانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ دادگای رەسافە لە بەغدا بڕیاری بەرائەت و ئەستۆپاکیی ڕێبوار تاڵەبانی لە هەموو ئەو تۆمەتانە دەرکرد کە ڕاکان جبووری، پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووک و کاکەڕەش سدیق، ئەندامی لیستی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاراستەیان کردبوو.

جەختیشی کردەوە کە دۆسیەی ڕێبوار تاڵەبانی بە تەواوی داخراوە و لەمڕۆوە دەتوانێت وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە فەرمی کارەکانی ڕایی بکات و داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەویش بکات.

بەختیار تاڵەبانی سوپاسی سەرۆک بارزانی کردووە کە “وەک مەرجەعێکی کوردان، بەردەوام پشتگیریی کردووە و لە خەمی کەیسەکەیدا بووە، هەروەها سوپاسی ئەو تیمەش دەکەین کە جەنابیان بۆ ئەو مەبەستە ڕایانسپاردبوون”.

پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، راکان جبووری و ئەو گرووپەی لەگەڵ مانەوەی دۆخی کەرکووک بوون بەو شێوەیەی ئێستا، چەندان تۆمەتی جۆراوجۆریان ئاراستەی ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کرد.

Back to top button