پشووی رۆژانی شەممە لە بەڕێوبەرایەتییەکانی پاسپۆرت ھەڵگیرا

بەھۆی زۆری مامەڵەی ھاووڵاتیان، حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارندا پشووی رۆژانی شەممە لە بەڕێوبەرایەتییەکانی پاسپۆرت نەمێنێت.

لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرتی ھەولێر و سلێمانی رایانگەیاند، لەمەودوا پشووی رۆژانی شەممە نامێنێت و لەو رۆژەشدا دەوامی فەرمی دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی ھەولێر دەڵێت “لەبەر بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و زوو جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان، ئاگاداری ھاووڵاتیانی پارێزگای ھەولێر و دەورووبەری دەکەین لەمەودوا پشووی رۆژانی شەممە-مان نامێنێت، بەھۆی ئەوەی قەرەباڵخی زۆر لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت دروستبووە و مامەڵەیەکی زۆری ھاووڵاتیان وەرگیراوە”.

بەپێی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی ھەولێر، دەوامی رۆژانی شەممە لە کاژێر ٨:٣٠ـی بەیانی دەستپێدەکات و کاژێر ٢:٠٠ی دوانیوەڕۆ کۆتاییدێت. بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، لە کاژێر ٨:٣٠ تاوەکو کاژێر ٠١:٠٠ دەوام ھەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی ھەولێر و سلێمانی ئاماژە بەوە دەکەن، رۆژانی ئاسایی دەوام لە یەکشەممە تاوەکو پێنجشەممە تاوەکو کاژێر ٦:٠٠ـی ئێوارە دەوام دەکەن بۆ بەڕێکردنی مامەڵەی ھاونیشتمانیان.

Back to top button