راگەیاندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا چی تێدابوو بۆ پەكەكە

خواكوڕك

لەراگەیاندراوێكدا ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا رایگەیاندووە كە بەهیچ شێوەیەك رێگه‌ به‌ بوونی په‌كه‌كه‌/په‌یه‌ده‌-یه‌په‌گه‌ و چالاكییه‌كانیان نادات له‌ باكووری سووریا و ناوچه‌ی شنگال له‌ عێراق و ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، توركیا له‌وباره‌وه‌ ئاماده‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و وڵاتانی ده‌ستڕۆیشتوو له‌ ناوچه‌كه‌دا.

ئاژانسی ئەنادۆلی سەربەحكومەتی توركیا راگەیاندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا بڵاو كردەوە له‌راگه‌یه‌نراوی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی توركیادا هاتووە”هه‌ندێك له‌ وڵاتان سیاسه‌تی دووفاقه‌یی له‌باره‌ی رێكخراوه‌كانی په‌كه‌كه‌، په‌یه‌ده‌، یه‌په‌گه‌ و فه‌تۆ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن و پشتیوانیی ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان ده‌كه‌ن. ئێمه‌ جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ به‌مه‌به‌ست ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و بانگه‌وازیان لێده‌كه‌ین ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان بگۆڕن”.

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا دوێنێ 30ی 11ی 2016 به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆمارتوركیا له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار به‌ڕێوه‌چوو پاش كۆبوونەوەی 6 كاتژمێری راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە له‌راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا جارێكی دیكه‌ وه‌بیرهێنراوه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات “ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی سنوور، رێگری كردن له‌و په‌لامارانه‌ی بۆ سه‌ر توركیا ئه‌نجامده‌درێن و پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یه‌ له‌ داعش و رێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌كانی دیكه‌”. و له‌ده‌قه‌كه‌یدا هاتووه‌: “بۆ پاراستنی ئاسایشی گیانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و خوشك و برا سورییه‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا، جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ رێگه‌ ناده‌ین ئه‌ندامانی رێكخراوی تیرۆرستی په‌كه‌كه‌/په‌یه‌ده‌-یه‌په‌گه‌ راڕه‌وێك بۆ خۆیان بكه‌نه‌وه‌”.

لە به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ بانگه‌وازێكه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كۆتاییهێنان به‌ قه‌یرانی مرۆیی له‌ حه‌له‌ب و له‌ده‌قه‌كه‌یدا هاتووه‌: “بۆردومانكردنی شاری حه‌له‌ب به‌ نه‌خۆشخانه‌كانیشه‌وه‌ و بێبه‌شكردنی خه‌ڵكی سڤیلی شاره‌كه‌ له‌هه‌موو مافێك، تاوانێكی مرۆڤایه‌تییه‌ كه‌ پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ رێگریی لێبكرێت. توركیا له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی راگرتنی پێكدادانه‌كان و گه‌یاندنی یارمه‌تیی مرۆیی بۆ شاری حه‌له‌ب به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاماده‌یه‌ له‌پێناو كۆتاییهێنان به‌و قه‌یرانه‌ مرۆییه‌دا”.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ پێشهاته‌كانی عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌: “جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ مافی به‌رگری له‌خۆكردنی توركیا له‌به‌رانبه‌ر په‌كه‌كه‌ و داعشدا كه‌ له‌ عێراق بوونیان هه‌یه‌ و خاكیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌. توركیا به‌رده‌وامده‌بێت له‌ هاوكاری كردنی حكوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌كاندا.

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا له‌راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا باسی له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵیش كردووه‌ و جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ دیموگرافیای ناوچه‌كه‌ و به‌تایبه‌ت مووسڵ و ته‌له‌عفه‌ر پارێزگاریی لێبكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ تراژیدیایه‌كی مرۆیی دیكه‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌.

راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، توركیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ به‌ بوونی په‌كه‌كه‌/په‌یه‌ده‌-یه‌په‌گه‌ و چالاكییه‌كانیان نادات له‌ باكووری سووریا و ناوچه‌ی شنگال له‌ عێراق و ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، توركیا له‌وباره‌وه‌ ئاماده‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه.

Back to top button