فەرەنسا بە هەزاران قوتابی هەرێمی كوردستان لە ماستەر و دكتۆرا وەردەگرێت

 

 

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو وەزارەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە لە هەوڵدایە لەگەڵ كونسولخانەی فەرنسا لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك كورسی خوێندن لە فەرەنسا بۆ خوازیارانی ماستەرو دكتۆرا وەربگرێت, ئەمڕۆ یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە عێراق بۆ دابینكردنی سكۆلەرشیپی خوێندن بەخەرجی هاوبەش ئیمزا كرا.

بە پێی رێككەوتنەكە وڵاتی فەرەنسا ژمارەیەكی زۆری قوتابی هەرێمی كوردستان بۆ ماستەر و دكتۆرا لە وڵاتەكەی وەردەگرێت خەرجی خوێندنەكە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێم و فەرەنسا دەبێت.

بەپێی یاداشتنامەكە خوێندنی تەرخانكراو بریتییە لە خوێندنی ماستەر و دكتۆرا، توێژەرانی دوای بەرنامەی دكتۆرا، ئەندامانی دەستەی وانەبێژان و فەرمانبەرانی ئەندازیار و كارگێری و تەكنیكی.

لەبارەی كاتی پێشكەشكردن بۆ بەرنامەی سكۆلەرشیپی فەڕەنسا، بەپێی خاڵێكی نێو یادداشتنامەكە، ڕاگەیاندن بۆ پێشكەشكردنی بەرنامەكان لە (٣٠/١١/٢٠١٩) دەست پێدەكات و مەرج و ڕێنماییەكان بۆ هەریەك لە جۆرەكانی خوێندن دەستنیشان دەكرێت و، دواتریش هەڵبژاردنی كاندیدەكان لە ڕێگەی لیژنەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ئەندامیەتی نوێنەرێك لە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە بەغداد ئەنجام دەدرێت.

هەر بەپێی ناوەڕۆكی یاداشتنامەكە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا پشتگیریی ئەم بەرنامەیە دەكات لە ڕێگەی دابینكردنی بلیتی فڕۆكە و بیمەی تەندروستی و كرێی خوێندن، كە لەلایەن حكوومەتی فەرەنسا دیاری كراوە، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بژیوی ژیانی خوازیاران (بەپێی ئەم پێوەرانەی كە جێبەجێ دەكرێت لە سەر خوێندكاری بیانی)، دابین دەكات.

Back to top button