رێواز فایەق ڕوونکردنەوە لەبارەی بەروار و ڕێکەوت دەدات
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕوونکردنەوە لەبارەی هۆکاری گۆڕینی دەستەواژەی (بەروار) بۆ (ڕێکەوت) دەدات.
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە گۆڕینی وشەی بەروار بە رێكەوت تەنها بۆ پەیڕەوی پەرلەمانی كوردستانە و سنوری پەیڕەوەكە تێناپەڕێنێت و بۆ هیچ دامەزراوەیەكی تر گشتاندنی پێ ناكرێت.
رێواز فایەق ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ناو پرۆژەكەدا وشەی (بەروار) دانرابوو كە پەسەندكراوی (ئەكادیمیای كوردی) بوە، كە ئەمانیش درێژەپێدەری (كۆڕی زانیاری كورد)ن، لەسەر ئەو بنەمایە حكومەتی هەرێمی كوردستان وشەی (بەروار ) بەكاردەهێنێت و بەردەوامیشن.
ئەمەش دەقی رونكردنەوەكەیە:
(بەروار)بێت یان (ڕێكەوت)؟
1-وشەی(ڕێكەوت) تەنها بۆ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانە و سنوری پەیڕەوەكە تێناپەڕێنێت و بۆ هیچ دامەزراوەیەكی تر گشتاندنی پێ ناكرێت.
2-لە ناو پێشنیازی هەمواری پەیڕەو وشەی(بەروار) دانرابوو كە پەسەندكراوی (ئەكادیمیای كوردی)بووە كە ئەمانیش درێژە پێدەری (كۆڕی زانیاری كورد) ن،و لەسەر ئەو بنەمایە حكومەتی هەرێمی كوردستان وشەی (بەروار ) بەكار ئەهێنێت و بەردەوامیشن.
3-هەركات (3) پەرلەمانتار یان زیاتر پێشنیازێك دەكەن دەخرێتە دەنگدان،گۆڕینی وشەی(بەروار)بۆ (ڕێكەوت)یش نزیكەی (5) پەرلەمانتار پێشنیازی كردبو،سەرۆك ناچارە بیخاتە دەنگدان،كە دەنگی هێنا ،دەبێت لە ناو هەموو پەیڕەوەكە بۆ دروستكردنی یەكگرتویی لە زاراوەكان لە هەر شوێنێك وشەی بەروار هەبو بكرێتە ڕێكەوت.
4-مەرج نییە هەمو بژاردەیەك كە دەنگ دەهێنێت باشترین بژاردە بێت بەڵام كە دەنگی زۆرینەی هێنا ئیتر وەك اقرار كردنی ئیرادەی زۆزینە دەچەسپێت .
5-ئەوەی یەك تۆزقاڵ لەكارو بەرپرسیارێتی سەرۆكی پەرلەمان بزانێت(كە سەرۆكی دانیشتنەكانی پەرلەمانیشە)باش دەزانێت كە سەرۆك بەپێی پەیڕەو دانیشتن بەڕێوە دەبات و نەدەنگدەرە و نە ئاراستەكار.
6-پێشنیازی هەمواری پەیڕەو (16)ماددە و چەندین بڕگەیە ، كە یەك وشە لە یەك بڕگەی یەك ماددەی پێشنیازەكە دەبێتە جێی باس ئەوە ئیتر دەریدەخات ئێمە چەند بە ڕواڵەتی لە بابەتەكان دەڕوانین .