سەرۆك بارزانی و باڵوێزی فڕەنسا لەبارەی دۆخی رۆژئاوا کۆ بوونەوە
سەرۆک بارزانی و بەڵوێزی فڕەنسا لە عێراق کۆ بوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گرژی و خۆپێشاندانەکانی عێراق و بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان تاوتوێ کرا.
ئەمڕۆ دووشەممه، بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە برۆنۆ ئۆبێر باڵوێزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.
روون کراوەتەوە، لە دیدارەكەدا كە ئۆلیڤیێ دیكۆتینی كۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە تاوتوێ كرا و هەروەها بیروڕایش لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و خۆپێشاندان و گرژییەكانی ئەم دواییەی بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق ئاڵۆگۆڕ كرا.
دووپات لەوەیش کراوەتەوە، بارودۆخی سووریا و گۆڕانی هاوكێشە سیاسی و مەیدانییەكان لە ڕۆژهەڵاتی باكووری سووریا خرایە بەر باس و لەم بارەیەوە هەردوولا نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری قووڵتربوونی نەهامەتی و ئازارەكانی گەلی كورد و هەروەها ئاییندە و چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا نیشان دا.
لە کۆتایی هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، تاوتوێكردنی هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی لەسەر ئاساییشی ناوچەكە تەوەرێكی تری ئەم كۆبوونەوەیە بوو.