د. نەجمەدین کەریم: له‌باره‌ی دەنگی کورد لە کەرکووك هۆشداری ده‌دات

د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شه‌رعی کەرکووك له‌ به‌رنامه‌ی نۆرۆژی دۆستانی كه‌ناڵی ڕوداو وتی، سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکووك دەڵێ، نەمانی ئەو حکومەتە و دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی دۆخێکی ئاڵۆز لە عێراق دروستدەکات، ئەو جێگرەوانەی بۆ عادل عەبدولمەهدی دانراون زۆر نزیکن لە ئێران، ئێرانیش رۆڵی بەرچاوی هەیە لە عێراق، سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانیش هەموویان بە رەزامەندی ئێران هەڵبژێردراون.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دروستکردنی لیستێک رایگەیاند، “تاوەکو ئێستا لەسەر بڕیارەکە ماوین بۆ دروستکردنی لیستێک، بەڵام ئەو هەڵبژاردنە کۆسپی زۆری تێدا دەبێت بۆ کورد، یەکێک لەوانە یاسای هەڵبژاردنە، کە لە بڕگەیەکی ئەو یاسایەدا هاتووە ئەوەی لەناو کەرکووک نەبێت ناتوانێت دەنگ بدات، لە کاتێکدا 30 بۆ 35%ی دەنگدەری کەرکووك لە کوردستان دەژین، ئەمەش زەرەر بە کورد دەگەیێنێت، دەبوو لەو کاتەدا کورد لە پەرلەمان بایکۆتی دانیشتنەکە بکات بۆ ئەوەی یاساکە تێپەڕ نەبێت”.

بە گوتەی نەجمەدین کەریم، کێشەی دووەم لەناو کەرکووك بوونی هێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبییە، “بە تایبەت لەو ناوچانەی کە پێکهاتەی جیاوازی شارەکەی تێدایە، رەنگە لەو ناوچانە کورد ئەو ئازدیەیان نەبێت بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بۆیە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی لەو شێوەیە کە ببێتە هۆی ئەوەی کورد دەنگ کەم بهێنێت، بەمەش کورد ناچار دەکەن بە پشکی 32% بۆ هەر سێ پێکهاتەکە رازی بێت، واتە خۆت رەوایی بەو هەڵبژاردنە دەدەیت، بۆیە دەبێت کورد باش بیربکاتەوە”.

لەبارەی نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغداو گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان، نەجمەدین کەریم رایگەیاند “نیەت هەیە لەلایەن هەرێمەوە، جەنابی کاك مەسعود، جەنابی کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور هەموویان زۆرجار دوپاتیان کردووەتەوە، ئەو نیەتە بەڕاستی هەیە، لە بەغداش سەرۆکوەزیران شارەزایی هەیە لە پرسی کورد، حەز دەکات بگاتە رێککەوتن”.

 

Back to top button