وەزیری تەندروستی: بە ڕەزامەندیی (مەسرور بارزانی) ژماره‌یه‌ك بەركەوتووی چەكی كیمیایی ڕەوانەی دەرەوە دەكرێن

وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، 47  بەركەوتەی چەكی كیمیایی ڕەوانەی دەرەوە دەكرێن بۆ چارەسەركردن و، كێشەكانی نەخۆشخانەی بەركەوتووانی كیمیاییش لە پارێزگای هەڵەبجە چارەسەر دەكرێن.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ‌ماڵپەری فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووه‌: بە ڕەزامەندیی بەڕێز جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)، ئەو نەخۆشانەی بەركەوتەی كیمیایین و پێویستیان بە چارەسەر هەیە، ڕەوانەی دەرەوە دەكرێن و نوێنەری وەزارەتی تەندروستیش لەگەڵیان دەچێت، كە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا (47) كەس لە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی ڕەوانە دەكرێن و ڕەزامەندییش وەرگیراوە.

وەزیری تەندروستی ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌: بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پڕۆژەی نەخۆشخانەی بەركەوتووان لە هەڵەبجەی شەهیدیش، كارمان كردووە و لە هەفتەی داهاتووشدا كۆبوونەوەیەك بە بەشداریی نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە و كۆمپانیاكە ئەنجام دەدەین و كێشەكان بەرەو چارەسەركردن دەبەین”.

 

Back to top button