كەمپینێك لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیەنرا

كەمپینێك لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیەنرا و پارە بۆ كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان كۆ دەكرێتەوە و سەرجەم فڕاكسیۆنەكان بەشداریی تێدا دەكەن.

ئەمڕۆ یەك شەممه‌، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پەرلەمانی كوردستان هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ كۆكردنەوەی هاوكاریی بۆ برایانمان و ئەوانەی لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە بەهۆی دۆخی نەخوازراو و پەلاماری سەربازیی ناوچەكانیان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، دەست پێ‌ كردووە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان گوتی، سوپاسی دەستپێشخەریی پەرلەمانتاران دەكەین لە سەرجەم فراكسیۆنەكان وەك ئەركێكی پەرلەمانی، مرۆیی و نیشتمانی ئەو هەڵمەتەیان لەناو تەلاری پەرلەمانی كوردستانەوە ڕاگەیاندووە لە خەمخۆرییان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان زیاتر گوتی، پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی كوردستان بەشدارن بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و پشتیوانیی مادی بۆ سەرجەم ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی كە ئێستە لە هەرێمی كوردستانن و بۆ ژیانیان پێویستیان بە یارمەتییە.

كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامی هەیە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئەوەیش بۆ یارمەتیدان و باشتركردنی ژیانیانە بە تایبەت ئەو كوردانەی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.

 

 

Back to top button