نێچیرڤانی بارزانی چه‌ند نهێنیه‌ك له‌سه‌ر عێراق ئاشكرا ده‌كات

خواكوڕك

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌ینێت، “هەرێمی کوردستان لەدوای ساڵی 2004 بارودۆخی ئابووریمان گەشەی بەخۆیەوە بینیوە و ئەو گەشەکردنە ئابوورییە نائاسایی بوو، بەڵام شەڕی داعش، هاتنی نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارە و دابەزینی نرخی نەوت بوونەتە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان”.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 15\12\2016، لە زانکۆی ئەمریکی – دهۆک، کۆنفرانسی (سەربەخۆیی کوردستان.. بەربەست و دەرفەت) بەڕێوە دەچێت، تیایدا چه‌ند كه‌سایه‌تی جیهانی به‌شداریان تێداكردووه‌.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌میانی به‌شداری كردنی له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ وتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، “دوای ساڵی 2014 بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق بڕدراوە، ئەوان بەبڕیاری تاکلایەنە ئەو بودجەیان بڕی، هەروەها زۆری ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەش هۆکارێکی دیکەبوون بۆ ئەوەی ئەرکی حکومەت لەڕووی داراییەوە قورس بێت”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، “قه‌یرانی دارایی هه‌رێمی كوردستان زۆر قورسە، بەڵام ئەزموونێکی باشبوو و پشت بە خوا ئەو قەیرانە تێدەپەڕێنین و، کۆتاییدێت، هەروەها ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بەخۆماندا بچینەوە و هەڵەکانمان چاک بکەینەوە، دەبێت وا بیربکەینەوە کە ئێمە نە نەوتمان هەیە و نەغاز بۆ ئەوەی پشت بەداهاتی دیکە ببەستین”.

بارزانی ده‌شڵێت، “سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام ناسەقامگیریی ناوچەکە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ناوچەکانی عێراق و سووریا روو لە باشووری کوردستان بکەن و ساڵانە ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار لەو ئاوارە و پەنابەرانە خەرجدەکەین”.

له‌باره‌ی عێراقه‌وه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند، “ئێمە وەکو کورد هەموو هەوڵێکمان دا بۆ ئەوەی عێراق ببێتە عێراقێکی سەرکەتوو… سەرۆک بارزانی و سەرۆک تاڵەبانی ئەوەی کاری باش بوو بۆ عێراقیان کرد، ئێمە پێشمەرگەمان رەوانەکرد بۆ پاراستنی بەغدا، بەڵام ئەگەر سیستەمی فیدراڵی لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا نەبێت، جێبەجێ ناکرێت و سەرناگرێت”.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، “”پێشمەرگە ئازایانە و قارەمانانە بەرگری لە کوردستان و هەموو جیهان دەکات، ئێمە وەکو کورد خۆمان یەکلاکردووەتەوە کە ئێمە هۆکارێکی سەرەکین بۆ بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی لە جیهاندا”.

له‌كۆتاییدا بارزانی رایگه‌یاند، “سەربەخۆیی کوردستان مافێکی سرووشتی خۆمانە ، ئێمە لە ناوچەکەدا زمان و کولتوورمان جیاوازە، کاتێک ئێمە باسی سەربەخۆیی کوردستان دەکەین تەنها باسی کوردستانی عێراق دەکەین، ئێمەش بەو سەربەخۆییە نابینە کێشە بۆ عێراق، نامانەوێ ئەو کێشانە بۆ نەوەکانی دوای خۆمان جێبێڵین”.

Back to top button