میرانی: خۆشحالین بەسەردانەكەمان, خۆشحاڵتر دەبووین ئەگەر منداڵانی سلێمانی لە قوتابخانەكانیان بوونایە
خواكوڕك
لەدوای سەردانی شاندی پارتی بۆ سلێمانی كە گەڕێكی دیكەی دانوستانی دەست پێكردووە, لە دووای كۆبوونەوەیان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێـتی لە میانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتیی كوردستان ڕای گەیاند، بەشێك لە كێشەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان لەلایەن حزبەكانەوە بە سیاسی كراون و لەدژی یەكتر بەكاریان هێناوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 19\12\2016، دوای كۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتیومەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا هەریەكە لە میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی كە سەرۆكایەتیی شاندی حزبەكەی دەكات وە مەلا بەختیار، لێپرسراوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا, فازڵ میرانی بۆ لای لایەنە سیاسییەكان، ڕای گەیاند: ” ئەمە دوا كۆبوونەوە نابێت، بەڵكو لەگەڵ یەكێتی كۆبوونەوەی دیكە دەكەینەوە، چونكە ئێمە و یەكێتی مێژووێكی هاوبەشمان هەیە, وە خۆشحاڵ بووین بە سەردانەكەمان، خۆشحاڵتر دەبووین ئەگەر منداڵەكان لە قوتابخانەكان بوونایە “.
میرانی گوتیشی: ” ئەوەی سەیرە دەستكەوتەكان هەموومان لێی هاوبەشین، بەڵام لە كورتهێناندا بە دروستی، یەكێتی و پارتی بەرپرسن، ئەمە وادەكات گرنگییەكی دیكە بەم كۆبوونەوەیە بدەین. ڕاستە 6 مانگ و چەند ڕۆژێكە كۆبوونەوەمان نەكردووە، بەڵام هەمیشە لەگەڵ یەكدی ئاگامان لەیەكتر بووە, هەموومان هەست بەوە دەكەین كە میللەتەكەمان لە قۆناغێكی هەستیار دایە، ڕاستە بودجە و مووچە نییە، بەڵام هەلومەرجێكی نێودەوڵەتی و هەرێمی بۆ دۆزی كورد هاتووەتە پێشەوە. جاران دەترساین حكوومەتەكان موساوەمە لەسەر ئێمە بكەن، ئێستا حكوومەتەكان حیساب بۆ كورد دەكەن. بۆیە ئەم كۆبوونەوەیە كۆبوونەوەی دیكەی لە دوایە، پڕۆژەكەمان پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە كە هەموو حزبەكان بە ئیجابی بۆی هاتوون“.
لە كۆتایدا گوتیشی:” كێشەكان بەشێكیان بە سیاسی كراون، بابەتی بودجە و مووچە و خوێندن، حزبەكان لەدژی یەكدی بەكاریان هێناوە. ئایندەی میللەتێك لەسەر خوێندن دروست دەكرێت، لەپێناو سیاسەتدا زیانمان لە خۆمان داوە. مامۆستایەك دەتوانێت لە زاخۆ و بەردەڕەش و شارەكانی دیكە دەوام بكات، بۆچی مامۆستایەك لە سلێمانی ناتوانێت ئەمە بكات؟ لەبەر ئەوەی بابەتەكە بە سیاسی كراوە“.