دۆناڵد تره‌مپ: دیموكراته‌كان و مێدیای درۆزن هه‌وڵده‌ده‌ن سوله‌یمانی تیرۆریست به‌ پاڵه‌وان نیشانبده‌ن

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، رایگه‌یاند كه‌ قاسم سوله‌یمانی خاوه‌نی “رابردوویه‌كی ترسناك بووه‌” و گرنگی نییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ ببێت یان نه‌بێت بۆ سه‌ر ئه‌مریكا.

تره‌مپ، وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر پرسیاره‌كانی دیموكراته‌كان له‌سه‌ر شێواز و كاتی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كه‌ی كوشتنی سوله‌یمانی، له‌ رێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌: “دیموكراته‌كان و مێدیای درۆزن، ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ ماوه‌ی ٢٠ ساڵدا ده‌بوایه‌ بیانكردایه‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ئه‌نجاممداوه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن سوله‌یمانی تیرۆریست به‌ پاڵه‌وان نیشانبده‌ن. هه‌ر كارێكی ئابووری یان سه‌ربازی ئه‌نجامبده‌م له‌لایه‌ن دیموكراته‌ چه‌پڕه‌وه‌كان به‌ بچووكی ته‌ماشاده‌كرێت. ئه‌و دیموكراتانه‌ی كه‌ هیچ شتێكیان نه‌كردووه‌“.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ تره‌مپ دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ سوله‌یمانی هه‌ڕه‌شه‌ بوو بۆ سه‌ر ئه‌مریكا و گوتی:

مێدیای هه‌واڵی درۆ و هاوبه‌شه‌كانی دیموكراته‌كان، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئایا سوله‌یمانی له‌ هه‌وڵی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نزیك بووه‌ بۆ سه‌ر ئه‌مریكا یاخود نا. وه‌ڵام، به‌ڵێیه‌كی به‌هێز، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوله‌یمانی خاوه‌ن رابردوویه‌كی ترسناك بووه‌ هیچ گرنگی نییه‌“.

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌رانی دژ به‌ حكومه‌ت له‌ ئێران ره‌تیانكردۆته‌وه‌ به‌سه‌ر ئاڵای ئه‌مریكادا برۆن، تره‌مپ به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ رووداوه‌كه‌ی به‌ “پێشهاته‌یه‌كی گه‌وره‌” له‌قه‌ڵه‌مدا.

Back to top button