مەحموود عوسمان: بەرهەم ساڵح ترسنۆكە

پەنجا و یه‌ك رۆژ بەسەر قبوڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەر تێدەپەڕێت، تا ئێستە كەسێك رانەسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ. لە كاتێكدا دۆخی عێراق رووی لە ئاڵۆزییە و خۆپێشاندان تەشەنەی كردووە، كە خواستی یەكەمیان حكوومەتێكی بیلایەنە.

مەحموود عوسمان سیاسەتمه‌داری دیاری كوردستان و ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند كە سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی دەستووری و یاسایی هەیە و خۆپێشاندەرانیش پشتگیری دەكەن. بەڵام سه‌رۆك كۆمار “بوێر نییە و دەترسێت”.

تا دێت دۆخی عێراق خراپتر دەبێت، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەكاتی رەتكردنەوەی كاندیدكردنی ئەسعەد عیدانی كاندیدی هاوپەیمانی فەتح، هەڕەشەی دەست لەكاركێشانەوەی كرد ئەگەر كەسێك كاندید بكرێت شەقام پشتگیری نەكات.

مەحموود عوسمان زیاتر رایگه‌یاندووه‌، سەرۆك كۆمار ئەگەر دەسەڵاتی خۆی بەكار بێنێت دەتوانێت بێ شیعەكان كەسێك دیاری بكات. دووپاتیشی كردەوە، “من لە جێی ئەو بم، ئەو كارە دەكەم و گوێ بەهیچ لایەن و كەسێك نادەم، ئەو كاتە خۆپێشاندەران پشتگیریم دەكەن كە هەموویان شیعەن، بەڵام سەرۆك كۆمار بوێری نییە و دەترسێت، ئێستە زۆر بێ هەڵوێستە”.

شەوی رابردوو دۆخی عێراق بەرەو قۆناغێكی مەترسیدار هەنگاوی نا، كاتێك رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزەكانی حكوومەت رووی دا، بەڵام تا ئێستە ئاماری كوژراوان و برینداران و گیراوان بە فەرمی رانەگەیەنراوە.

 

Back to top button