مەلا بەختیار دەبێتە جێگری كۆسرەت رەسوڵ

كێشەو ململانێ لەنێوخۆی یەكێتی لەسەر دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بەردەوامەو پێشنیارێك هەیە دەسەڵاتەكانی كەمتر بكرێتەوە، بەڵام لەلایەن كۆسرەت رەسوڵەوە ڤیتۆ دەكرێن، هاوكات هەوڵێك هەیە مەلا بەختیار وەك جێگری كۆسرەت رەسوڵ دەست بەكاربێت.

یەكێك لە كێشە یەكلانەكراوەكانی كۆنگرە، پرسی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبە، بەپێی زانیارییەكان ئەم ئەنجومەنە نوسراوێكی لەبارەی دیاریكردنی دەسەڵاتەكانییەوە ئاڕاستەی لیژنەی هەمواری دەستور كردووە، یەكێك لە داواكارییەكانی ناو نوسراوەكە ئەوەیە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی جێگرێكی هەبێت، ئەم پێشنیارە لەلایەن مەلا بەختیارە‌وە كراوەو چاوی لەوەیە ببێت بەجێگری كۆسرەت رەسوڵ، سەرباری ئەوە داواكراوە هەندێك دەسەڵات بە ئەنجومەنەكە بدرێت.

ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) سەرۆكایەتی دەكات‌و بەدەنگدانی راستەوخۆی كۆنگرە هەڵبژێردراوە، ئەندامانی ئەنجومەنەكە كە بریتین لە هەریەكە لە (مەلا بەختیار، ئەرسەلان بایز، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، حاكم قادر، دلێری سەید مەجید، عەدنان موفتی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) ئەمانە كۆنگرە دەنگی پێنەداون ‌و بە تەعین دانراون.

سەرباری مەكتەب سیاسییەكانی پێشوو، كۆسرەت رەسوڵ كە بەدەنگدانی راستەوخۆی گۆنگرە بووە بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، نایەوێت ئەنجومەنەكەی بێ دەسەڵات بێت، بەر لە كۆنگرەش جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە ئەو پۆست‌و ئەنجومەنێكی بێدەسەڵاتی ناوێت، تەنانەت بەر لە كۆنگرە باسی لەوە كردووە دەبێت ئەنجومەنەكەی مافی “ڤیتۆ”ی لەسەر بڕیارەكانی یەكێتی هەبێت.

Back to top button