هەرێمی كوردستان بە كەم كردنەوەی هەناردەی نەوت پابەند نابێت
خواكوڕك
دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت،هەرێمی كوردستان وەك پێشتر لەسەر هەناردەكردنی نەوت بەردەوام دەبێت و، هیچ بڕیارێكی نەداوە بە رێككەوتنی وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپێك پابەندبێت بۆ كەمكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی كوردستان بە رووداوی راگەیاندووە، بەپێی راپۆرتی مانگی 11 ی بەرهەمێهان و هەناردەكردنی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، رۆژانە ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان 587 هەزار و 646بەرمیل بووە.
هەر لێدوانەكەی دا ئەو ئەندام پەرلەمانە دەشلێت،”تەنیا بە یەك رێگا هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە كەمكردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەویش ئەوەیە لەو بارەیەوە رێككەوتنی نەوتی لەگەڵ بەغدا بكات، ئەویش ئەگەرێكی دوورە، بۆیە لەو بڕوایەدا نیم هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان كەمبكرێتەوە”.
شایانی باسە لە كۆتایی مانگی 11ی ئەمساڵدا، وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک توانییان دوای دوو ساڵ هەوڵی بەردەوام لەنێو خۆیاندا لەسەر کەمکردنەوەی بڕی 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە رێکبکەون، هەروەها لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئۆپێک کە پێکهاتوون لە 11 وڵات، رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە.