گوتەبێژی عێراق بۆ پەكەكە: رێگە نادەین هیچ لایەنێك دەست لەكاروباری ناوخۆیی عێراق وەربدات

خواكوڕك
دوای ئەوەی چەندین جار پارتی كرێكارانی كوردستان, رایانگەیاندووە كە لەشنگاڵ ناچنە دەرەوە, لە كاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونی پارتی كرێكارانی بە هۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵكی شارەكەو ئاوەدان نەكردنەوەی ئەو شارە وێران بووە دەزانن, لە بەرامبەردا حكومەتی عێراق بوونی پارتی كرێكاران لە شنگاڵ بە پێشێلكاری بۆسەر دەستوری عێراق دەزانن.

هەر لەسەر ئەو بابەتە سەعد حەدیسی، گوتەبێژی حكومەتی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاندبوو:”حكومەتی عێراق بوونی هەر هێزێك رەتدەكاتەوە كە خاكی عێراق بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تووندوتیژی و هەڕەشەكردن لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێی بەكاربهێنێت‌ بۆیە بوونی هەر هێزێكی دەرەكی لەلایەن حكومەتی عێراق رەتدەكرێتەوە”.
لەبارەی پێدانی موچە بە گەڕیلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، وتەبێژی حكومەتی عێراق دەڵێت: “حكومەتی عێراق مووچە دەداتە ئەو چەكدارو خۆبەخشانی لە نێو دەستەی حەشدی شەعبی تۆمار كراون ئەگەر عێراقی بن، بەڵام مووچە ناداتە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان و هیچ پارتێكی دیكەی بیانی”.
حەدیسی راشیگەیاندووە كە ” ئەوان رێگە نادەن بە هیچ لایەنێك دەست لەكاروباری نێوخۆیی عێراق وەربدات، دەستوەردانیش لەكاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیكە رەتدەكەینەوە، ئەمە بەشێكە لە سیاسەتی دەرەوەی عێراق. ئێمە، نامانەوێ ببینە بەشێك لە ناكۆكی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە، بۆیە حكومەتی عێراق هەر كارێكی لەو جۆرە رەتدەكاتەوە، هەروەها عێراق هاوكاریی هیچ پارتێكی دەرەكیش ناكات، چونكە پێمانوایە ئەمە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە”.

لەبارەی بەكارهێنانی پەكەكە وەكو كارتێكی گوشار دژی توركیا بۆ كێشانەوەی هێزەكانی لە باكووری عێراق، گوتەبێژی حكومەتی عێراق جەختیكردەوە لەوەی :”توركیا هێزەكانی لەنێو خاكی عێراق دەكێشێتەوە، بۆیە ئێمە هیچ پاساوێكمان بەدەستەوە نییە تاوەكو پەنا بۆ شێوازی دیكەی مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی دیكە بەرین ، هەروەها لەڕێگەی سیاسی، كەناڵەكانی دیپلۆماتی، پەیوەندی حكومیی راستەوخۆ لەگەڵ وڵاتانی دیكە، كێشەكان چارەسەر دەكات ئێستا سەرقاڵی تاوتوێكردنی ئەو قەیرانەین لەگەڵ توركیا، بۆ ئەم مەبەستە لە چەند رۆژی رابردوودا بیناڵی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە كرد”.

Back to top button