پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی

 

مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  پەیامێکی پیرۆزبایی  بە بۆنەی رۆژی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی 2720 کوردی ئاراستەی خەلکی کوردستان دەکات

 

لەو پەیامەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە هەموو گەلی ، پیرۆبایی تایبەت ئاراستەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان  و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکات .

 

هاوکات لەو پەیامەدا داوا لە هاووڵاتیانی کوردستان دەکات ، بۆئەوەی دوور بین لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەچاوی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بکەن ، بۆئەوەی هەمووپێکەوە بتوانین ئەم دۆخە تێپەڕ کەیین.

 

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

 

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە ، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی گەلی کوردستان و بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. هیوادارم مایەی خێر و خۆشی بێت بۆ خەڵکی کوردستان.

 

وەک دەزانن ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی، لە دۆخێکی سەختدا یادی ئەم جەژنە نیشتمانییە دەکەینەوە . سوپاستان دەکەم بۆ پابەندبوونتان بە رێنماییە تەندروستییەکان و ئەو رێکارانەی بۆ سەلامەتی و پاراستنی ئێوەی خۆشەویست گرتوومانەتەبەر لەوانەش سنووردارکردنی هاتووچۆ . دڵنیاین بە هاوکاری یەکتر ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێنین وەک چۆن لە رابردوودا بە خۆڕاگرییەوە بەسەر زۆر باردۆخی سەختدا زاڵ بووین.

 

هیوادارم ئەم ئاستەنگیانەی هاتوونەتە پێشمان، ببنە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆپارێزیی زیاتر لە داهاتوودا و، لە ئاستی ئابووریش زیاتر هانمان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی دارایی و کارگێڕی کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بە تایبەتی کە ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە جەختمان لە سەر سیاسەتی هەمەچەشەنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان و پشت نەبەستن بە تاکە سەرچاوەیەکی داهات کردووەتەوە و، ئەم دۆخەی ئێستاش، سوورترمان دەکات لە سەر بەردەوامبوون لەم چاکسازیانەدا.

 

نەورۆزتان پیرۆز بێت و ئومێدەوارم کوردستانیش بەهێزتر و ئاوەدانتر بێت .

 

مەسرور بارزانی

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

Back to top button