لێپێچینەوە لەو کەسانە دەکرێت بە گاڵتەجاڕی پێوەندی بە 122 دەکەن
لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان باس لە دیاردەیەکی نەشیاوی هاووڵاتیان دەکات و دەنووسێت ژمارە 122 تە تەرخان کراوە بۆ هێڵی گەرمی تایبەت بە پێڕاگەیشتنی کێشەکانی هاووڵاتیان لە هەنبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا ، لای بەشێک لە هاووڵاتیان بە گاڵتەجاڕی پێوەندی پێوە دەکرێت .
لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە ، وەزارەتی تەندروستی بەبێ وچان 24 کاتژمێر لە ڕێگەی ژمارە 122 لە خزمەت هاووڵاتیان دایە ، بۆیە بڕیارمان داوە هەر کەس پێوەندی بێ بنەما بە 122 وە بکات بە پێی یاسا لێپێچینەوەی لە گەڵ دەکرێت .
دەقی ڕاگەیاندراوەکە
ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستی هێلی فریاگوزاری بەردەوامی 122مان خستۆتە بەردەم هاوڵاتیان بۆ خزمەتیان. بەداخەوە هەندێ کەسی نابەرپرس بۆ مەبەستی گاڵتە و ڕابواردن پەیوەندی بەم هێڵە دەکەن، ئەمەش دەبێتە:
1- مەشغول کردنی ئەم هێڵە (کە لەم کاتەدا لەوانەیە کەسانێک حاڵەتیان گرژ بێت پێویستیان بە هێلەکە بێت)
2- دەبێتە هۆی ماندووبوون و بێزارکردنی ستافی 122 کە 24 کاتژمێر شەونخونی دەکەن بۆ خزمەتی هاوڵاتیان.
بۆیە ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستی لەمەودوا مامەڵەی یاسایی دەکەین لەگەڵ ئەو کەسانەی بەمەبەستی گاڵتە و ڕابواردن پەیوەندی بەهێلی 122 دەکەن.
وەزارەتی تەندروستی
٢١ی ئادار ٢٠٢٠