ژمارەیەک بڕیاری نوێ لە پارێزگاری سلێمانی

لەچوارچێوەی بڕیار و رێککارەکانی خۆ پارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا،چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد.

لە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا هاتووە: هەموو کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەریی لە هەموو دامودەزگاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکاندا لە ئەمڕۆوە قەدەغەیە، پێویستە لێدوان و ڕاگەیاندن و پەیامەکان لەڕێی ڕاگەیەندراوی نووسراوەوە بڵاوبکرێنەوەو لەکاتی زۆر پێویستیشدا، (بەپێی ڕێکەوتنی کەناڵەکان)؛ لەلایەن کەناڵی کوردساتەوە ڕاستەوخۆ بۆ هەموو کەناڵەکان (بەبێ لۆگۆ) دەگوێزرێتەوە.

دەقی بڕیارە نوێیەکانی پارێزگای سلێمانییەوە

 

بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، ئەمڕۆ دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بڕیاریدا:
١. هەموو کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەریی لە هەموو دامودەزگاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکاندا لە ئەمڕۆوە قەدەغەیە، پێویستە لێدوان و ڕاگەیاندن و پەیامەکان لەڕێی ڕاگەیەندراوی نووسراوەوە بڵاوبکرێنەوەو لەکاتی زۆر پێویستیشدا، (بەپێی ڕێکەوتنی کەناڵەکان)؛ لەلایەن کەناڵی کوردساتەوە ڕاستەوخۆ بۆ هەموو کەناڵەکان (بەبێ لۆگۆ) دەگوێزرێتەوە.
٢. لە سبەینێ (٢٤/ ٣/ ٢٠٢٠)ەوە، بازاڕی دراوی سلێمانی بۆ حەواڵەکردن دەکرێتەوە لە سەعات (١١)ی بەیانی بۆ سەعات (٣)ی پاش نیوەڕۆ، بەپێی ئەو بەرنامەیەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دیاریکراوە.
٣. دوای ڕەزامەندی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و ئاودێری پارێزگای سلێمانی، هەفتانە ماوەی (٤٨) سەعاتی بەردەوام، دەدرێت بە هەر خاوەنی کێڵگەیەکی پلاستیکی کە ئێستا لەکاردا بێت بۆ گواستنەوەو چاندنی شەتڵەکانیان.
٤. بەپێی پلان و ڕەزامەندیی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و ئاودێری پارێزگای سلێمانی، ڕۆژانی سێشەممەو پێنجشەممەی هەر هەفتەیەک لە سەعات (١١)ی بەیانی بۆ (٣)ی پاش نیوەڕۆ، بەپێی لیستی دیاریکراو ڕێگا بە کردنەوەی کۆمپانیاو نووسینگە کشتوکاڵییەکان دەدرێت بەشێوەی دلیڤەری پێداویستیەکان بگەیەننە کێڵگەکان.
٥. جوڵەی بازرگانیی لە دەروازە نێودەوڵەتییەکانەوە بەردەوام دەبێت و پرۆسەی دابەشکردنی خۆراک و پێداویستیەکان بەسەر مارکێت و دوکانەکاندا بەپێی ڕێنماییەکانی پێشوو بەردەوام دەبێت و چاودێری وردی نرخ و کوالێتی و قەبارەی خستنەڕوویان دەکرێت لەلایەن لیژنەی قائیمقامیەتی یەکە کارگێڕییەکانەوەو سەرپێچیکار سزا دەدرێت.

لەگەڵ رێزدا…

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
٢٣/ ٣/ ٢٠٢٠

Back to top button