پەرلەمانی کوردستان: رێوشوێن و هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم بەرزدەنرخێنین

 

به‌مه‌به‌ستی تاوتووكردنی دۆخی ئێستای كوردستان و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابووری و ته‌ندروستییه‌ی كه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆناوه دروست بووه‌، سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ 2020/4/4، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان له‌گه‌ڵ سەرۆکی سه‌رجه‌م فراکسیۆنەکانی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان
رۆژی 4ی نیسانی 2020 له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ جیاجیاكانی په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌.

1 – ئه‌م قه‌یرانه‌ ته‌ندروستییه‌ی كۆڕۆنا، لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانی، كه‌مبوونه‌وه‌ی داهات و چۆنیه‌تیی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بۆ پاراستنی ته‌ندروستیی هاووڵاتییان و كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرانی له‌سه‌ر هاووڵاتییان و بژێویی ژیانیان، له ‌خاڵه‌ هه‌ره‌ له‌پێشینه‌كانه‌ كه‌ پێویست ده‌كات حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان به‌پێی تایبه‌تمه‌ندێتی كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.
2 – ئه‌و ‌رێوشوێن و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ تائێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌خۆپارێزی و گرتنه‌به‌ری رێكارو وه‌رگرتنی بڕیار بۆ پاراستنی ته‌ندروستیی هاووڵاتییان ئه‌نجامیان داوه‌ به‌رزده‌نرخێنێت.
3 – پشتیوانیی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانین كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی 1ی 4ی 2020 بڕیاریان داوه‌ به‌ راسپاردنی لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌ن بۆ ئاماده‌كردنی بڕیارێكی حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌كرێنشینان و لێخۆشبوون له‌كرێ و هه‌ر رسوماتێكی دیكه‌، هه‌مووان كۆكبووین له‌وه‌ی كه‌دوای بڕیاری حكوومه‌ت له‌م رووه‌وه‌ ئه‌كه‌ر پێویستیی ته‌شریعی هه‌بوو بۆ هه‌ر بڕیارێكی ته‌شریعی كه‌ له‌خزمه‌تی هاووڵاتییاندا بێت به‌هه‌ماهه‌نگیی هه‌موولایه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان به‌له‌به‌رچاوگرتنی رێوشوێنه‌ ته‌ندروستییه‌كان كاری پێویستی ته‌شریعی ئه‌نجام ده‌دات.
4 – هه‌مووان هاوڕابووین له‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت ئه‌وله‌ویه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌ر داهاتێك كه‌ به‌رده‌ست ده‌بێت، مووچه‌ی هاووڵاتییان و خۆراك و ده‌رمانی پێویست بێت و له‌م رووه‌وه‌ پشتیوانیی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی چه‌ند بۆردو لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر كردووه‌و وه‌كو په‌رله‌مانی كوردستان چاودێرێكی وردی كاری ئه‌و لیژنانه‌ ده‌بین.
5 – هه‌موولایه‌ك هاوڕابوون كه‌تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قه‌یرانه‌ پێویستیی به‌هه‌ڵوێست و كاری پێكه‌وه‌یی و نیشتیمانی و گیانی كاری هاوبه‌شه‌ كه‌هاوكار بێت له‌ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌.

دواتر ئه‌م بڕبارانه‌ی خواره‌وه‌ دران:
1 – سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان به‌رده‌وام ده‌بن له‌كاری به‌دواداچوون و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ خێراتركردنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی له‌ خه‌رجی و داهات.
2 – دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی باڵای په‌رله‌مان به‌سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌ندامیه‌تیی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ته‌ندروستی و پیشه‌سازی و وزه‌و لیژنه‌ی كاروباری یاسایی بۆ به‌دواداچوونی كاری ئه‌و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌ندانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌ بۆ به‌دواداچوونی پێداچوونه‌وه‌ به‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان و گرێبه‌سته‌كان و روسومات و لێخۆشبوونی گومرگی و دابینكردنی خۆراک و پێداویستیی ده‌رمان دروستكراون.
3 – دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی باڵای په‌رله‌مان به‌سه‌رۆكایه‌تیی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌ندامیه‌تیی سكرتێری په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م سه‌رۆک فراكسیۆنه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی پێویست و به‌دواداچوونی كاری لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆڕۆنا.
4 – په‌رله‌مانی كوردستان پاڵپشتیی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنێكی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق بكرێ.

له‌كۆتاییدا كۆبوونه‌وه‌ وێڕای به‌رزڕاگرتنی خۆڕاگریی هاووڵاتییان داواو تكایان له‌هاووڵاتییانی به‌ڕێز ئه‌وه‌یه‌ به‌ته‌واوی پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بن.
په‌رله‌مانی كوردستان هه‌وڵ و ماندووبوونی سه‌رجه‌م پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ئاسایش و ناوخۆ و تێكڕای فه‌رمانبه‌رانی دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بواری خزمه‌تگوزاریی گشتی به‌رزده‌نرخێنێت و سوپاسی له‌خۆبردوویی و خزمه‌ته‌كانیان ده‌كه‌ین.

Back to top button