له‌چه‌مچه‌ماڵ به‌ ئار بی جی هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر وێسته‌گه‌ی كاره‌با

خواكوڕك

شه‌وی رابردوو 2/1/2017 چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر وێستگه‌ی كاره‌بای (ماس) و پاشان بۆ شوێنێكی نادیار راده‌كه‌ن، قایمقامی قه‌زاره‌كه‌ش ده‌ڵێت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌پشت ئه‌م كارانه‌وه‌یه‌‌.

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا قایمقامی قه‌زاكه‌ رایگه‌یاند، شەوى ڕابردوو دوو ئارپیجى نراوە بە وێستگەى کارەباى ماسەوە، لەکاتێکدا ئەو وێستگەىه‌ لەسەدا 50 کارەباى هەموو شار و شارۆچکەکانى هەرێم دابین دەکات.

سەبارەت بە داواکارى هاوڵاتیان کە دەڵێن وێستگەى کارەبا و غازى دانا غاز لەسنورى خۆماندایە رایگه‌یاند، “کۆنتڕۆڵى مەرکەزى هەیە لە هەولێر و ئەو سەرپەرشتى دابەشکردنى کارەباى هەرێم دەکات، وێستگەى کارەباى ماسیش ئەهلیە و هى کەرتى تایبەتە و هەتا زەوییەکەشى لە هاوڵاتیان کڕیوەتەوە”.

قایمقامى چەمچەماڵ بۆ مالپه‌ڕی ئێن ئاڕتی ئەوەشى گوتووه‌، “گروپێک لە چەمچەماڵ دەیانەوێت گرفت دروست بکەن و ئێمەش بە ئاشکرا بزوتنەوەى گۆڕانمان لێ ئاگادار کردووەتەوە، خۆ هەر چەمچەماڵ موعاناتى نییە، ئەى شار و شارۆچکەکانى تر، ئەى بۆ لە شارەکانى تر ئەوە ناکرێت”.

دوێنێ له‌كه‌لار و چه‌مچه‌مال به‌شێوه‌یه‌كی فراوان مامۆستایان رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، بۆ داواكاری مافه‌كانیان له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كیتر وه‌ڵامێك بۆ شكاندنی بایكۆتی مامۆستایانی سلێمانی، به‌ڵام به‌هۆی ترسی به‌رفراوانبوونی خۆپیشاندانه‌كانی چه‌مچه‌ماڵ و بێ هه‌ڵوێستی ئاسایشی گه‌رمیان، هێزێكی سوات و هێزێكی تایبه‌تی ده‌زگای زانیاری روویان له‌ شارۆچكه‌كه‌ كرد.

Back to top button