وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ باره‌ی جێگری كردن و ناردنی فه‌وجێكی لیوای 7ـی پیاده‌ی سۆران راگه‌یێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

وەزارەتی پێشمەرگە له‌باره‌ی جێگیركردنی هێزێكی سه‌ربه‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ لە زینوی وەرتێ و گرژیەكانی ئەوو ناوچەیە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە


لە راگەیەنراوەكەدا بە ئاماژەدان بەوەی ” ناردنی فەوجێكی لیوای ٧ ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ (زینوی وەرتێ) رێككارێكی كاتی بوو،  لەسەر داوای لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆڕۆنا” رایگەیاندووە، “دەخوازین هیچ تەفسیرێكی سیاسیی هەڵە بۆ ئەو بابەتە نەكرێت”.

دەقی راگەیەنراوەكە

راگەیندراوێك لەوەزارەتی پێشمەرگەوە 
ناردنی فەوجێكی لیوای ٧ ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ (زینوی وەرتێ) رێككارێكی كاتی بوو،  لەسەر داوای لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆڕۆنا،  پاڵپشت بە بڕیار و رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم.
لەبارەی پرسی ( زینوی وەرتێ) حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، بە پێی یاسا و رێنمایە كارپێكراوەكان، ماف و دەسەڵاتی تەواوی ئەوەیان هەیە بۆ هەر ناوچەو جێگەیەكی سنووری هەرێم، جوڵە و جێگۆڕكێ بەهێزەكانی پێشمەرگە بكەن، دەخوازین هیچ تەفسیرێكی سیاسیی هەڵە بۆ ئەو بابەتە نەكرێت.
پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان، ئەركی هێزەكانی پێشمەرگەیەو لەئێستاشدا لەبەرامبەر باری ناهەمواری خەڵك و میللەتەكەمان،  پێویست دەكات هەمووان بەگیانی لێپرسراوێتی و لەخۆبردووییەوە هەنگاو بنێین بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكە.
بەداخەوە، ناكرێ لەئەنجامی بێ متمانەیی لایەنەكان و گەورە كردنی بابەتگەلێكی بچووك میللەتەكەمان زیان و باجی قورس بدات.
وەك هەمیشە، هەوڵەكانمان خستۆتەگەڕ بۆ خاوكردنەوەی دۆخەكە و بەردەوامیش دەبین، كە هەنگاوەكانمان بەشێك دەبێت لەچارەسەر، نەك تەشەنەسەندنی زیاتری كێشەكە.
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
١٥ی نیسانی ٢٠٢٠

Back to top button