له‌باره‌ی راده‌ستكردنی‌ مسته‌فا سه‌لیمی‌ به‌ ئێران به‌ڵگه‌ی زیاتر ئاشكرا بوو

یادداشتی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار سه‌باره‌ت به‌ كه‌یسی مسته‌فا سه‌لیمی ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا.

لیژنەیەكی پەرلەمانی كە پێكهاتووە لە (ئه‌رشه‌د حوسێن محه‌مه‌د، حكمه‌ت محه‌مه‌د عبوزه‌ید، رزگار عیسا سوار، نزار مه‌لا عه‌بدولغه‌فار، موحسین حوسێن مسته‌فا) و واژۆیان لەسەر یادداشتەكە كردووە، كە ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە.

به‌گوێره‌ی‌ یاداشتێك كه‌ واژووی‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری‌ كوردستانی‌ له‌سه‌ره‌ و ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان كراوه‌، تیایدا دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ مسته‌فا سه‌لیمی‌ له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ پێنجوێنه‌وه‌ راده‌ستی‌ ئێران كراوه‌ته‌وه‌ تا له‌ سێداره‌ بدرێ‌. له‌ یاداشته‌كه‌دا كه‌ “وشه‌” كۆپییه‌كی‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ چیرۆكی‌ هاتنی‌ ئه‌و كورده‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان بۆ باشووری‌ كوردستان ئاشكرا كراوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌یش كراوه‌ ” كه‌سێك ئاماده‌یه‌ هه‌موو شاهێدییه‌ك له‌سه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ی‌ مسته‌فا سه‌لیمی‌ به‌ ئێران بدات دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ بیانووی‌ كه‌ره‌نتین له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ ناوچه‌كه‌وه‌ بردراوه‌.

له‌ یاداشته‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌سێك به‌ناوی‌ “سیروان” هه‌واڵی‌ به‌ ئاسایش داوه‌ تا مسته‌فا سه‌لیمی‌ بگرن و پێی‌ گوتوون كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستانه‌وه‌ هاتووه‌ تا پشكنینی‌ كۆرۆنا بكات.

له‌ یاداشتی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ روون كراوه‌ته‌وه‌، رۆژی‌ 10ی‌ نیسان پێش ئه‌وه‌ی‌ سه‌لیمی‌ له‌سێداره‌ بدرێ‌ به‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ گوتووه‌ كه‌ له‌باشووری‌ كوردستانه‌وه‌ راده‌ستی‌ ئێران كراوه‌ته‌وه‌ و رۆژی‌ دواتر له‌ سێداره‌ دراوه‌. له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌كه‌یشی‌ هه‌موو ورده‌كارییه‌كه‌ به‌ رۆژنامه‌نووسێك به‌ناوی‌ “عه‌لی‌ جوانه‌مه‌ردی‌” دراوه‌.

مسته‌فا سه‌لیمی پێشمه‌رگه‌ی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووه‌ و به‌ تاوانی ئه‌ندامێتی ئه‌و حزبه‌، سزای گیرانی تاهه‌تایی بۆ ده‌رده‌چێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌ گرتووخانه‌ی سه‌قز له‌گه‌ڵ 80 گیراوی تر هه‌ڵدێن، رۆژی سێی نیسان له‌ رێی گوندی كه‌نده‌سووری بانه‌ كه‌ هاوسنووری هه‌رێمی كوردستانه‌، ئاودیوی گوندی سیاگوێزی شاره‌دێی گه‌رمكی سه‌ر به‌ شارۆكه‌ی پێنجوێن ده‌بێت و دواتر ئاسایش ده‌یگرن و راده‌ستی ئێرانی ده‌كه‌ن و دواتر له‌ سێداره‌ درا.

ئه‌م ڕووداوه‌ كاردانه‌وه‌ی زۆری له‌ناو هه‌رێمی كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان لێكه‌وته‌وه‌، هه‌وڵی زۆردرا په‌رده‌پۆش بكرێ‌، به‌ڵام دواجار كه‌سوكاری مسته‌فا سه‌لیمی به‌ ده‌نگ هاتن و هه‌موو زانیارییه‌كانیان ئاشكرا كرد كه‌ سه‌لیمی له‌لایه‌ن ئاسایشی پێنجوێنه‌وه‌ راده‌ستی ئێران كراوه‌ته‌وه‌ بۆ له‌ سێداره‌ دان.

Back to top button