مه‌سعود حه‌یده‌ر ھۆکاری راگرتنی مووچە فەرمانبەران به‌ پێنج خاڵ ئاشكرا ده‌كات

مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری خولی پێشووى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە گوتارێکدا چەند زانیارییەك سەبارەت بە هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەخاتە ڕوو.

هه‌ر له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌دات بۆ چاكسازیه‌كانى كه‌ به‌نیازه‌ جێبه‌جێیان بكات ده‌ڵێت پێویسته‌ سه‌رجه‌م حزبه‌كان پشتیوانى له‌ به‌رنامه‌كانى كابینه‌ى نۆیه‌م بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى پرسى چاكسازى به‌ ئامانجى خۆى بگات .

ئه‌مه‌ش ده‌قى ووتاره‌كه‌یه‌

كه‌ زۆرجار ھەندێک ئەحزابی سیاسی و خەڵکانێک کە کاری سیاسی دەکەن کێشەی مووچە یان کێشە داراییەکان بە کەرەستەو ئامرازێکی باش دەزانن بۆ شەڕو شکاندنی ڕکابەرەکانیان یاخود ئەوانەی کە لەگەڵ دیدو تێڕوانین یان سیاسەتی ئەوان ناگونجێن.

تێکەڵکردنی ئەم بابەتە لەگەڵ ململانێ سیاسێکانی ناو ھەرێم لە رووی ئەخلاقی و ئینسانی و نیشتمانیش ناگونجێت. کەسمان نکۆڵی لەوو ناکەین کە چاکسازی پێویستەو حکومەتی ھەرێم کردوویەتی بە بەرنامەی کاری و سەرەرای تەشریعکردنی یاسای چاکسازی، حکومەت پێویستی بە پشتیوانی سیاسی حزبەکانی بەشدراربوو لەدەسەڵات ھەیە بۆ ئەوەی ئەو یاسایە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوەو ھەموو لایەک بە ئاشکراو بە روونی بەیانی بکەن بۆ خەڵکی ھەرێم کە پشتیوانی چاکسازین چونکە ھەموو چاکسازیەک رەھەندی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتیشی ھەیە.

بۆچی حکومەتی عێراق لەم کاتەدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی راگرت ؟
عێراق کەوتۆتە دەست زۆرینەی پێکھاتەیەکی دیاریکراو کە لەژێر ھەژموونی وڵاتێکی ئقلیمیەو بووە بە دەروازی ئابووی بۆی و سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لە ناوەندی بڕیارو تێڕوانینەکانی دەسەلاتدارانی بەغداد بە روونی رەنگیداوەتەوە.

١- دەسەڵاتدارانی عێراق دەمێکە بڕوایان بە سیستمی فیدرالی نەماوە لە عێراق و بە مەترسی دەزانن بۆ حکومڕانیان و ھەرکاتێک پێیان بکرێت ئەمە لە دەستوور دەگۆڕن و ھەرێمی کوردستانیش وەکو سێ پارێزگای دەوڵەتەکە دەبینن.

٢- دەنگنەدانی کورد بە دەرکردنی ھێزەکانی ھاوپەیمان لە عێراق، توڕەبوونی ئەو پێکھاتەو ھاوپەیمانە ستراتیجێکەێ لێکەوتەوە. درووستبوونی ئەم قەیرانە داراییە بە کاتێکی گونجاو زانرا بۆ سزادانی خەڵکی ھەرێم بە بڕینی مووچە.

٣- چیتر ئەمریکا یارمەتی عێراق نادات بۆئەوەی غاز و کارەبا لە ئێران بکڕێت وئەلتەرناتیڤی ئەوەش غازو کارەبای ھەرێمە. ئەوەش مایەی نیگەرانیەو یەکێکە لە ھۆکارەکانی بڕینی مووچە و رێگە نادەن سەرچاوە داراییەکانی ھەرێم زیاد بکات.

٤- پێکھێنانی کابینەی کازمی ئاستەنگی زۆر دەخرێتە پێشی و ئیرادەیەکی ئقلیمی ھەیە بۆ شکستپێھێنانی. بەرەی دژە کورد لەناو پارتە سیاسێکانی عێراق دەنگیان بڵندە بەتایبەت کەدۆخی دارایی عێراق زۆر مەترسیدارە، بۆ رازیکردنی ئەو دەنگانەو لە ئەگەری شکستھێنانی کازمی، عبدالمھدی مووچەکەی راگرت بۆ ئەوەی متمانەیان بەدەست بێنێتەوە. ئەگەر حکومەتی کازمیش تێپەڕی، ئەوە ھەندێ کێشەی بۆ بەجێ دێڵێ کە چارەسەرکردنی بڕیاری سیاسی دەوێ.

٥- لە کاتی دانووستانی سیاسی لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و سەرۆک کوتلەکان، بە راشکاوانە پێمان راگەیاندن کە ساڵی ٢٠١٩ یەک دۆلار بە بەغداد نادەین لەبەر بڕینی بوودجەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ و ھەبوونی قەرزێکی زۆر لەسەر ھەرێم و ساڵی ٢٠١٩ وەکو ماوەیەکی ئینتقالی دەبێت، لە دوای پێکھێنانی حکومەتی کابینەی نۆ رێکەوتن لەسەر مەلەفی نەوت و دارایی دەکرێت و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ رێکەوتنەکە کرا. نرخی نەوت و دۆخی ئابووری عێراق و ئەجێندای ناوخۆی و ئقلیمی وایکردووە عێراق پەشیمان بێتەوە لەو رێکەوتنە.

مسعود حیدر
٢٠٢٠/٤/٢٧

Back to top button