ئه‌حمه‌د سه‌فار: دوای جه‌ژن پڕۆژه‌ یاسایی بودجه‌ی 2020 ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كرێت

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، لیژنه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری دروست كراوه‌ و سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی دووهه‌زار و بیست ئاماده‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی دوای جه‌ژن ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بكات و بۆ پشكی هه‌رێمیش گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجامی باش.

ئه‌حمه‌د سه‌فار په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكڕاتی كوردستان و بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، لیژنه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی دروست كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسایه‌ك بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگی ئه‌مساڵ ئاماده‌ بكات و دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بكات، تا ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و په‌سه‌ند بكرێت.

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی گوتیشی: پشكی هه‌رێمی كوردستان پرسێكی سیاسییه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا. له‌م باره‌یه‌وه‌ گفتوگۆ له‌ نێوان شاندی دانوستانكاری هه‌رێم و به‌رپرسانی به‌غدا كراوه‌ و ئه‌نجامی باشی هه‌بووه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك و پشكی هه‌رێم له‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ جێگیر بكرێت.

Back to top button