دۆناڵد ترەمپ, دەپرسێ كێ پێیوایە هیلاری لەو تووندتر بوو لەبەرامبەر پوتیندا؟
خواكوڕك
لەدوای ئەوەی بە سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرا سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە یەكەم كۆنفرانسی رۆژنامەڤانی خۆیدا تیشكی خستە سەر چەند پرسێكی پەیوەست بە بازرگانیو دەستێوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و گوتی: “هیچ رێككەوتنێكم لەگەڵ رووسیا نییە و تەنیا دەبمە سەرۆكی ئەمریكا و لە بازرگانی دوور دەكەومەوە”.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەلبژێردراوی ئەمریكا لەبارەی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ دەزگا هەواڵ گریەكانی وڵاتەكەی و راپۆرتە هەوالگریەكانیان كە دەستێوەردانی روسیا لە هەلبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە گوتی: ” كۆبوونەوەكان كۆبوونەوەی تایبەتی بوون و بێگومان ناتوانین هەندێك لە زانیارییەكان بڵاوبكەینەوە، ئەوانەی بڵاوكرانەوە هەمووی هەواڵی ساختەن و ئەو شتانەی دەربارەی من گوتراون هیچی راست نین و ئەوانەی بڵاویانكردووەتەوە دژی من بوون”.
ترەمپ گوتیشی: “ئەوان نەیاری من و كەسانی نەخۆشن و هەمیشە بەم شێوەیە هەواڵ بڵاودەكەنەوە، ئەم هەواڵانە نەدەبوو لەنێو هیچ دام و دەزگایەكی میدیاییەوە بڵاوبكرانایەوە چونكە بەڕاستی ئەمە شەرمێكی زۆر گەورەیە كە شتی وا بڵاودەكرێتەوە”.
سەبارەت بە رۆڵی رووسیا، دۆناڵد ترەمپ گوتی: “ئەوەی پەیوەندی بە رووسیاوە هەیە دەكرێت هێرشە ئەلیكترۆنییەكان لەلایەن رووسیاوە ئەنجام درابێت، بەڵام دەكرێت لەلایەن وڵاتانی دیكەیشەوە كرابێت، دەزانین كە ژمارەیەكی زۆر هاككەر خەریكی ئەنجامدانی هێرشە ئەلیكترۆنییەكانن، لەبەر ئەوە پێموایە دەكرێت رووسیا ئەو كارەی كردبێت و دەكرێت هاككەرانی چینیش ئەو كارەیان ئەنجام دابێت، هێرشی ئەلیكترۆنی پێموانییە شتێك بێت كە تەنیا لە ئەمریكا بێت”.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ رووسیا دۆناڵد ترەمپ گوتی: “رووسیا دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەوەی كۆتایی بە داعش بهێنین، دەسەڵاتی ئۆباما لەكاتێكدا كۆتایی دێت كە شەڕ لەگەڵ داعش هێشتا بەردەوامە، نازانم سیاسەتم لەبەرامبەر رووسیا چۆن دەبێت و هیوادارم بگەینە ئەنجامێكی باش و بگەینە رێككەوتنێك لەگەڵ پوتین بۆ ئەوەی بتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین، بەڵام ئایا هیچ كەسێك لەنێو ئێوەدا هەیە كە پێیوایە هیلاری لەمن تووندتر بوو لەبەرامبەر پوتیندا؟”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە رۆژی 20-1-2017 لە رێوڕەسمێكدا لە واشنتن وەك سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكار دەبێت.