وەزیری داد بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ گەڕاندنەوەی پارێزبەندیی سۆران عومەر ڕەتکردەوە

وەزیری داد وەڵامی نوسراوەکەی سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، بڕیارەکەت پێچەوانەی رێسای گشتی پلەبەندی یاسایی دەرچووە، بۆیە لە رۆژنامەی وەقائقی کوردستان بڵاوناکەینەوە.

فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، وەڵامی نوسراوەکەی رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی داوەتەوە و رایگەیاندوە، بڕیاری سەرۆکی پەرلەمان ژمارە 37 کە لە 14-06-2020 ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و وێنەیەکی دراوەتە وەزارەتی داد بۆ بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی (وەقائیعی کوردستان)، “بەداخەوە کە بە بەڕێزتانی رادەگەیەنین کە داوای لێبوردن دەکەین و ناتوانین بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوبکەینەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیارەکە پێچەوانەی رێسای گشتی پلەبەندی یاسایی (سلم التدرج القانونی) دەرچوە، و هەروەها رای جەنابتان نەبونی سەرچاوەی تانەلێدان لە یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی یان سەرۆکی پەرلەمان ناکاتە جێگرەوەی و دەسەڵات و تایبەتمەندی چاودێری لەسەر یاسا دەرچو لە پەرلەمانی پێنادات، بێ لەبەرچاوگرتنی چۆنێتی و شێوازی تەشریعکردنی هەر یاسایەک یان بڕیارێک.

وەزیری دادی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردوە، بەپێ یاسا بڕیارەکە بە بە بڕیارێکی نەبو دادەنرێت و بەپێی یاسای بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بۆ بڵاوکردنەوە ناشێت و بڵاوکردنەوەی بێ لە بەرچاوگرتنی ئەوانەی باسکران دەبێتە مایەی رەخنە و پێشینەیەکی ترسناک لەسەر پەرلەمان و سەرۆکایەتی و سیستەمی سیاسی هەرێم، هەروەها لەسەر وەزارەتی داد بەسەرپێچی لە رێسای گشتی و حکومەکانی یاسا تۆماردەکرێت.

Back to top button