وردەكاری پێداچوونەوەی خانەنشینی لە پرۆسەی چاكسازی دەخرێتە روو
بەرێوەبەری گشتی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان حازم ئیسماعیل بە میدیاكانی راگەیاندووە، بڕگەیەكی ڕێنوێنییهكى دارایی هەیە كە پشتی بەستووە بە یاسای چاكسازی تایبەتە بە چۆنیەتیی خانەنشینكردنی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی، هەڵەتێگەیشتن هەیە لەو ڕێنوێنییه، خەڵك وەكوو پێشووتر خانەشین دەكرێن و كەم نەكراوەتەوە”.
هەروەها دبەرێوەبەری گشتی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان دەشلێت”بۆ نموونە كەسێك 15 بۆ 25 ساڵ خزمەتی هەیە، 2%ی دەبێت و جارانی ساڵانی خزمەت و جارانی مووچەی بنەڕەتی دەكرێت، بۆیە ئەوەی لەنێو خەڵك بڵاو بووهتهوه گوایە فەرمانبەر بە 15%ی كۆی مووچە خانەنشین دەكرێ، ئەوە هەڵەتێگەیشتنە، خانەشینی هەر وەكوو خۆیەتی تەنیا پلە تایبەت كەم كراوەتەوە، ئەوەشی خستە روو، پێشووتر پلە تایبەت و باڵاكان بە 80%ی كۆی مووچە و دەرماڵەكانیان خانەنشین دەبوون، بەڵام ئێستا 50%ی مووچە تێپەڕ ناكات، ئەندام پەرلەمانێك كە خزمەتی تەواوی نەبێت بۆ خانەنشینبوون، 25%ی مووچەكەی بۆ خانەنشینبوون پێ دەدرێت، دادوەر و داواكاری گشتی نابێت خانەنشینبوونیان لە 70%ی مووچە و دەرماڵەكانیان تێپەڕ بكات”.
حازم ئیسماعیل هەروەها دەشلێت” هەبوونی بڕوانامەش لە پاڵ خزمەت كاریگەری هەیە لەسەر مووچەی خانەنشینی، كەسێك بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت لەگەڵ كەسێك بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت جیاوازی هەیە، ئەوەی ئامادەییەكە لە كۆی مووچە و دەرماڵەكانی سێ بەرامبەر كەمتر ئەژماری بۆ دەكرێ لە مووچە خانەنشینی، جەختى لهوهش کردەوە، مەرجی خانەنشینبوون ئەوەیە فەرمانبەر 45 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ خزمەتی به كردارى هەبێت، ڕێنوێنییهكه هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگەش دەگرێتەوە.
شایانی باسە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 244 هەزار خانەنشین هەیە، مانگانە لە سەرووی 110 ملیار دینار بۆ مووچەی خانەنشینان خەرج دەکرێ، بەپێی یاسای چاكسازیش پێداچوونەوە بە خانەنشینانی نایاسایی دەكرێتەوە.