له‌یادی كۆماره‌ تاقانه‌كه‌ی كوردستان

خواكوڕك

كۆماری كوردستان له‌ 2 ی ڕێبەندانی ساڵی 1395ی هەتاوی به‌رامبه‌ر 2017 -1- 21ی زایینی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئێران له‌سه‌ر ده‌ستی پێشیه‌وا قازی محه‌مه‌د، بژارده‌ی هه‌ریه‌ك له‌ كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف و حزبی دیموكراتی كوردستان راگه‌یانرا.

كۆماری كوردستان كه‌ هه‌ندێك جار به‌ كۆماری مه‌هابادیش ناوی ده‌ركردووه‌، پایته‌خته‌كه‌ی شاری مه‌هاباد بوو، سرودی نیشتمنی ئه‌ی ره‌قیب بووه‌ و سیسته‌می حوكه‌مڕانیه‌كه‌ی كۆماری بووه‌، له‌ 22 ی‌ کانوونی یەکەمی 1946 سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاندووه‌.

كۆمار، کیانێکی کوردیی کەم تەمەن بوو کە لە سەدەی بیستدا‌ و لە دوای کۆماری ئارارات- لە تورکیا، دامەزرا. هەرچەند کۆماری کوردستان تەمەنی 11 مانگ بوو، بەڵام لەو ماوە کورتەدا لە بواری جیاجیادا گەلێک دەسکەوتی بەنرخی هەبووە و کاریگەریی لەسەر فۆرمگرتنی شۆڕش و ناسنامەی کورد بەگشتی داناوە و وەک یەکەم کۆماری فەرمی و دیموکراتیکی کورد لە مێژوودا تۆمار کراوە.

یه‌كێكیتر له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی دامه‌زرانی كۆمار، مەلامستەفا بارزانی-ه‌، كه‌ لەگەڵ سەربازەکانیدا لە کوردستانی باشوورەوە چووبوونە هانا و یارمەتیی کۆماری کوردستانەوە، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوە و بۆ خۆشی لەلایەن کۆمارەوە وەک ژنەراڵی سوپای میللی کۆمار دەستنیشان کرا و ئەوانیش به‌شێکی سوپای‌ کۆماریان پێکھێنا.

ئارچیبالد بولۆچ رۆزڤڵت، کوڕەزای‌ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تیۆدۆر رۆزڤڵت، لە کتێبەکەیدا “کۆماری کوردیی مھاباد” دەڵێت کێشەی‌ سەرەکیی کۆماری کوردستان ئەوە بوو کە کوردەکان پێویستیان بە سۆڤێت بوو، تەنھا شانسیان، ھێزی سوپای‌ سوور بو.بەڵام ئەم پەیوەندییە نزیکەیان لەگەڵ ستالین‌ و سۆڤیه‌ت وای کرد زوربەی‌ ھێزە رۆژاواییەکان پشتی ئێران بگرن.

قازی محەمەد، ھەرچەندە نكۆڵیی لەو راستییە نەئەکرد کە لەڕووی داراییەوە پشتیان بە سۆڤیه‌ت بەستووە، ئەوەی رەت ئەکردەوە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان پارتێکی کۆمۆنیست بێت.رایگەیاند ئەوە درۆیەکە کە دەسەڵاتدارانی سوپای‌ ئێران دروستیان کردووە، جگە لەوەی ئامانجەکانی خۆی‌ بە زۆر جیاواز لەوانەی سۆڤیه‌ت لەقەڵەم دا، ھەروەھا، کۆمارەکە بەدەست چەند کێشەیەکی ناوخۆییەوە ئەیناڵاند.

دوای 11 مانگ تەمەنی پڕ دەسکەوتی کۆماری کوردستان لە 26ی ئازاری‌ 1947، بەھۆی‌ گوشاری‌ ھێزە رۆژئاواییەکان، بۆ نموونە ئەمریکا، سۆڤیه‌ت پەیمانی بە حکوومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران ئەکشێتەوە.

لە مانگی حوزەیراندا، ئێران دەستی گرتەوە بەسەر ئازەربایجاندا. ئەمە بووە ھۆی‌ دابڕانی کۆماری‌ کوردستان لە سۆڤیه‌ت و دواجار بووە ھۆی‌ داڕمانی، لەم خاڵەدا، پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بەتایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێدەکرد.

ڕۆژی 20ی سەرماوەزی ساڵی 1325ی ھەتاوی (1946ی زایینی)،ئەرتەشی ئێران کە قورسترین ئامێری شەریان چەن تانکی کۆن و قۆڕازە بوو، گەیشتە دەرەوەی شاری تەورێز و ڕۆژی 21 بە ھەڵاتنی سەرۆکۆماری ئازەربایجان بۆ سۆڤیەت کۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر کرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێوە بەرەو مەھاباد وەڕێکەوت. لەو ناوچانەی دیکە لە باشوسری مەھاباد‌دا کە خۆیان بە بەشی کۆمار دەزانی و دەسەڵاتی تارانیان بە حکوومەتی ناوەندی نادەزانی، واتە لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، مەریوان ھەتا نزیکی سەقز، لە چەند مانگ پێش ئەوە، ھێزیان ئامادە کردبوو؛ بەڵام دوای تەورێز ئەرتەش ھێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد کە لە 20ی سەرماوەز گەیشتنە سەقز و لە ڕێگەی بۆکان بە یارمەتی ھێندێ لە کوردەکانی سەربە حکوومەتی شا، ڕێگەی مەھابادیان گرتەبەر.

سوپای ئێران بەوپەڕی درندەییەوە هێرشی کردە سەر شار. لە 5 ی‌ کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند کە رێ لە ھەر پەلامارێکی سوپای‌ ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر ناوچەکە. لە 15ی کانوونی یەکەم، سوپای‌ ئێران ھاتە ناوچەکە‌ و دەستی بەسەر مەھاباددا گرت. لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کورد‌ییان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردییان بدۆزیایەتەوە ئەیانسووتاند. قازی وەک سەرکۆمار دەستوور دەدات ھەتا دەکرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن، چون ماڵوێرانی پێوەیە. ئەگەرچی لەپێناو وڵات ھەموان تێدەکۆشن، بەڵام بە ھۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاکێشی ھێزەکانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەند ڕۆژدا کوردستانی رۆژهەڵات داگیر دەکرێ. پاش ئاگادار بوون لە داھاتووی کۆمار مەلا مستەفا بارزانی ھەوڵی دا کە قازی لەگەڵ خۆی بباتە یەکێتیی سۆڤیەت بۆ پاراستنی گیانی، بەڵام قازی‌ بەوە ڕازی نەبوو، پێی وا بوو دەبێ لەسەر بەڵێنیی خۆی بمێنێتەوە.

قازی دەزانێ کە بە زوویی کۆمار دەڕووخێت؛ لە نێوان شەڕ یان خۆبەدەستەوە دان، وەک بەرپرسیارێکی گیانی خەڵک، بۆ بەرگری لە کوشتن و وێرانکردن، وەک قارەمانێکی نەتەوەیی خۆ بەدەستەوە دەدات. ھەڵبەت سەبارەت بەوە،‌ ڕەخنە دەگرن کە ئایا ئەگەر قازی لەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆیشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەکەی؟‌ بەڵام لە کاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای کوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا و وەک جوابی ئەو پرسیارە دەڵێ: “من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم و ھیچکات وەک پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناکەم تا وڵاتەکەم لە خوێندا شەڵاڵ بێت و ھەزاران کەس بە کوشت بچن.”

دواجار پاش دادگایەکی نادادپەروەرانەی سەربازی و بێ پارێزەر لەلایەن ئەفسەرانی سوپای ئێرانەوە لە بەرەبەیانی 30ی‌ ئازاری‌ 1947 ، قازی‌ محەمەد و سەدر و سەیفی قازی بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران هەر لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد ئەو شوێنەی کە کۆماری تێدا راگەیەندرا، لە سێدارە دران.

 

سه‌رچاوه‌كان:
فه‌رهه‌نگی خواكوڕك
ماڵپەڕی kurd.on
ماڵپه‌ڕی وێنه‌ مێژوویه‌كان

Back to top button